پەیامێکی ئاگرین لە ئیزاکەوە بۆ نیوکاسڵ
''یاریی ناکەمەوە''؛ ئیتر گەیشتوونەتە خاڵی نەگەڕانەوە

یاریگا –
پێدەچێت چیرۆکی نێوان ئالێکساندەر ئیزاک و نیوکاسڵ پێبنێتە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە.
ئیزاک بەهۆی لیڤەرپوولەوە، تاوەکو ئێستا لە یانەکەی یاخی بووە و داوای رەزامەندی جێهێشتنی یانەکەی کردووە. تەنانەت ئیزاک بەشداری هیچ ئامادەکارییەکی وەرزی نوێی لەگەڵ یانەکەی نەکردووە، بەڵکو بە تەنیا مەشقەکان دەکات.
نیوکاسڵ یونایتد دووپاتیکردووەتەوە، نیازی فرۆشتنی ئیزاکییان نییە، هەرچی نەبێت تاوەکو جێگرەوەکەی دەدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، پێناچێت ئیزاک لەگەڵ شاندی تیمەکەی گەشتی بیرمینگهام بکات و ناوی لە لیستی یارییەکەی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا، لە هەفتەی کردنەوەی پرێمەرلیگدا هەبێت.
نوێترین هەڵوێستی ئیزاک بریتییە لە یاخیبوونی تەواو و یاری نەکردنەوەیە بۆ نیوکاسڵ یونایتد، ئەمەش هاوکێشەی مانەوەی لە سەینت جەیمسس پارک قورس دەکات.
ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیزاک بڵاویکردووەتەوە؛
ئیزاک بڕیاری کۆتایی خۆیداوە و بەهیچ شێوەیەک یاریی بۆ نیوکاسڵ یونایتد ناکاتەوە، تەنانەت ئەگەر نیوکاسڵ ئامادەنەبێت لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەشدا دەستبەرداری ببێت.
بەگوێرەی دیدگای ئیزاک بێت، ساڵی رابردوو نیوکاسڵ یونایتد بەبیانووی هاوتەریب بوون و لانەدان لە رێساکانی یاریی خاوێن، ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەست پێشکەش ئیزاک نەکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
ئیزاک یارمەتی تیمەکەیدا ببێتە پاڵەوانی جامی کاراباو و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، بەر لەدوو هەفتە لە تەواوبوونی وەرزی رابردوو، ئیزاک پەیامی جێهێشتنی یانەکەی بە ئێدی هاو، راهێنەری یانەکە گەیاندووە. تەنانەت لەدوا رۆژی یارییەکانی پرێمەرلیگ بەرامبەر ئێڤەرتن و بەر لە گەڕانەوەی بۆ سوید، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، حەزی خۆی بۆ جێهێشتنی نیوکاسڵ یونایتد گەیاندە هاو.
تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول تەنیا یەک ئۆفەری 110 ملیۆن پاوەندی پێشکەشی نیوکاسڵ کردووە و دەستبەجێ رەتکرایەوە. لەوانەیە بە دۆزینەوەی جێگرەوەیەک و بەرزکردنەوەی ئۆفەرەکە، نیوکاسڵ یونایتد ناچار بە دەستبەرداربوون لە تواناکانی ئەستێرە سویدییەکە ببێت.
ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.
ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.