تاریمی و مونیز لەلایەن یانەیەکی پرێمەرلیگ داواکراون
هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە

یاریگا –
لیدز یونایتد ئامادەکاری تەواوی بۆ وەرزی نوێی پرێمەرلیگ کردووە و دەیەوێت هێرشبەرێکی ئاست بەرز بگوازێتەوە.
پێگەی لیدز یونایتد نیوز بڵاویکردووەتەوە، لیدز چاودێری رۆدریگۆ مونیز، هێرشبەری فولهام و مەهدی تاریمی، هێرشبەری ئێرانی و جۆش سارجنت، هێرشبەری نۆرویچ سیتی دەکات.
دانیێل فارکێ، راهێنەری لیدز یونایتد بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ روونیکردەوە، هێشتا تیمەکەی لە ئاست مانەوە لە پرێمەرلیگدا نییە و پێویستییان بە گواستنەوەی یاریزانی کوالێتی بەرزە.
تاریمی وەرزێکی ناجێگیری لەگەڵ ئینتەر میلان بەسەربرد، لە کۆی 43 یاریدا تەنیا سێ گۆڵی بۆ نیرازۆری کرد. لە کاتێکدا تاریمی لەگەڵ پۆرتۆ، لە کۆی 182 یاریدا خاوەنی 91 گۆڵ بوو.
لەلایەکی دیکەوە، مونیز یەکێکە لە هێرشبەرە ئاست بەرزەکان و لەگەڵ فولهام 26 گۆڵی لە کۆی 97 یاریدا کردووە.
کەمتر لە سێ هەفتە بۆ داخرانی مێرکاتۆی هاوینە ماوە و تەواوی یانەکان کێبڕکێ لەسەر تۆکمەکردنی ریزەکانیان دەکەن.