هەموو شتێک بزانە؛ ئالابا ریال مەدرید جێدەهێڵێت؟
بەڕێوەبەری کارەکانی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ماوەیەکی زۆرە باس لە چارەنووسی دەیڤد ئالابا لە ریال مەدرید دەکرێت و بۆ یەکەمجارە بەڕێوەبەری کارەکانی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات.
دوای گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد و دین هاوسن، هەروەها ئامادەبوونەوەی ئیدێر میلیتاو و دانی کارڤاخال، گومانی زۆر لەسەر چارەنووسی ئالابا دروستبوو و باس لە گواستنەوەی بۆ سعوودیە دەکرا.
پینی زەهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی ئالابا تەواوی دەنگۆکانی رەتکردەوە و بە ‘ناڕاست’ی وەسف کرد؛
تەواوی ئەو هەواڵانەی باس لە گواستنەوەی ئالابا بۆ سعوودیە دەکەن، دوورن لەڕاستییەوە. هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە و هیچ ئۆفەرێکیشی پێشکەش نەکراوە.
ئەو قسانەی باس لە ئامادەیی ئالابا بۆ پەیوەندیکردن بە یانەیەکی سعوودی دەکەن، ناڕاستن. هیچ ئۆفەرێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە، تاوەکو گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئەوەی باس دەکرێت تەنیا دەنگۆیە.
وەرزی رابردوو پێکان رێگری لە بەشداریکردنی ئالابا گرت و نەیتوانی یارمەتی تیمەکەی بدات. تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی بەرگریکاری 33 ساڵەی نەمسا لە مەدرید ماوە.
ئەمشەو ریال مەدرید یارییەکی دۆستانەی لەگەڵ تیرۆل هەیە و هەفتەی داهاتوو لە بەرامبەر ئۆساسونا، رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگا دەستپێدەکەن.