ئاسیابازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقکوردستانگرنگترین

بۆچی نیوەی یانەکانی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق راهێنەری بیانییان هەڵبژارد؟ نهێنییەکانی پشت پەردەی ئەم بڕیارە چین؟

له‌ كۆی 20 یانه‌ 10 یانه‌ راهێنه‌ری بیانیان هه‌یه‌

Yariga App

یاریگا –

ناسنامەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە نیوه‌ی یانه‌ به‌شداربووه‌كانی خوله‌كه‌ پشتیان به‌ راهێنه‌ری بیانی به‌ستوه‌.

تۆڕی وه‌رزشی یاریگا به‌دواداچوونی بۆ ناسنامه‌ی راهێنه‌رانی یانه‌كانی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق كردووه‌، له‌ كۆی 20 یانه‌ی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق 10 یانه‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كه‌یان به‌ راهێنه‌ری بیانی به‌ستوه‌، ئه‌مه‌ش فەلسەفە و قوتابخانە جیاوازەکانی تۆپی پێی جیهان له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق زیاد ده‌كات.

لە چوار یانه‌ی كوردستان ته‌نها یانه‌ی هه‌ولێر پشتی به‌ راهێنه‌ری عێڕاقی به‌ستوه‌، دهۆك دەرگای بۆ راهێنه‌رێكی بەڕازیلی کردووەتەوە، ئه‌ویش سێرجیۆ فاریاسه‌، ئەو پیاوەی کە پێشتر لوتکەی ئاسیای به‌ده‌ستهێناوه‌، ئێستا هاتووە كوردستان و ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵۆكانی چیای وه‌رگرتووه‌، کەمێک ئەولاتر لە زاخۆ، وسام رزق ئەرکی داڕشتنەوەی تیپەکەی پرا ده‌لای له‌ ئەستۆ گرتووه‌، یانەی نەورۆزیش رێچکەیەکی جیاوازی گرتووە و یاسین ئاراسی سویدی هێناوە تا خوێنێکی نوێ بکات بە جەستەی یانەکەدا.

لە بەغدای پایتەخت، کێبڕکێکە گەرمترە، پاڵەوانی وەرزی رابردوو، یانەی شورتە، کلیلی ژووری جلگۆڕینەکەی هه‌ر به‌ده‌ست مومین سلێمانی میسڕی ماوه‌ته‌وه‌،ئه‌مه‌ش بەو هیوایەی بتوانێت پارێزگاری لە نازناوەکەیان بکات، لە کاتێکدا رکابەری گه‌وره‌ی یانه‌كه‌، قوە جەوییە، بۆ وه‌رزی داهاتووش متمانه‌ی به‌ رەشید جابری عومانی دووپاتكرده‌وه‌.

هه‌رچی یانه‌ی تەڵەبەیه‌ راهێنه‌ری پێشووی زاخۆ ته‌ڵال بلوشی كردووه‌ته‌‌ رێنیشاندەری خۆی و هه‌وڵده‌دات له‌م رێگایه‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ سه‌ر سه‌كۆی نازناوه‌كان.

ئەم شەپۆلە تەنها یانە گەورەکانی نەگرتووەتەوە، عەبدوڵڵا ئەبوزەمعی ئوردنی لە نەفتی میسانسه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌ ده‌كات و ئەیمەن حەکیمی سووری لە کەرخ و محەمەد عەبدولعەزیمی میسڕی لە نەجەف و یامین زوڵفانی توونسی لە دیالا مه‌شقده‌داته‌وه‌، هەریەکەیان بە فەلسەفەیەکی جیاوازەوە هاتوون تا چیرۆکی سەرکەوتنی خۆیان لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا بنووسنەوە.

ئه‌و یانانه‌ی متمانه‌یان به‌ راهێنه‌ری عێراقی هه‌یه‌.

لەبەرامبەر ئەم کاروانە بیانییەدا، دەنگی راهێنەری عێراقی هێشتا بەرز و کاریگەرە، 10 یانەی تر، وەک پاسەوانانی میراتی تۆپی پێی عێراق، باوەڕیان بە توانای ناوخۆیی هێناوە و پێیان وایە كوڕانی عێراق، کلیلی دەرگا داخراوەکان دەدۆزنه‌وه‌.

لە پێشەوەی ئەم بەرەیەدا، دوو ناوی گەورە دەدرەوشێنەوە عەبدولغەنی شەهد، لەگەڵ زەورا ده‌یه‌وێت كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شوڕته‌ و راهێنه‌ره‌كه‌ی بهێنێت و ببێته‌ پاڵه‌وان، باسم قاسمی ژه‌نه‌راڵ گەڕاوەتەوە بۆ یانه‌یه‌كی كوردستان و ئه‌مجاره‌ ده‌یه‌ویت له‌گه‌ڵ هەولێر مێژوو بنوسێته‌وه‌.

رازی شەنیشل، لەگەڵ کارەبا بەردەوامە و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە راهێنەری عێراقی توانای کێبڕکێی لە لووتكه‌ی ئاستدا هەیە.

لە بەسرەی کەنداودا، لوئەی سەڵاح لەگەڵ مینا خەونی گەورە دەبینێت، ئەحمەد خەلەف لە گه‌رمه‌ به‌ هێنانی كۆمه‌لێك ئه‌ستێره‌ ده‌یه‌وێت ناوی یانه‌كه‌ بخاته‌ نێو یانه‌ گه‌وره‌كانی وڵات، عادل نیعمە لە نەفت، وەمیز مونیر لە قاسم، جاسب سوڵتان لە موسڵ، حەیدەر عوبێد لە غه‌راف، هەریەکەیان بوونەتە نوێنەری قوتابخانەی ڕاهێنەرایەتی عێراقی و دەیانەوێت بیسەلمێنن کە رەسەنایەتی و تێگەیشتن لە رۆحی یاریزان، لە هەر تاکتیکێکی هاوردەکراو بەهێزترە.

بۆچی یانه‌كان پشت به‌ راهێنه‌ری بیانی ده‌به‌ستن؟

. فشاری جەماوەر و كارگێری یانه‌كان بۆ ئەنجام

بێئومێدبوون لە ئەزموونە دووبارەکا: لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆربەی یانەکان چەندین جار هەمان ڕاهێنەرە ناوخۆییەکانیان تاقیکردووەتەوە، ئەم سووڕانەوەیە وایکردووە کە كارگێری و هاندەران هەست بکەن گەیشتوونەتە بن بەست و پێویستیان بە خوێنێکی نوێ و بیرۆکەی جیاواز هەیە.

کات و کەمکردنەوەی فشار:

کاتێک یانەیەک ڕاهێنەرێکی بیانیی ناودار دەهێنێت، كارگیڕی یانەکە فشارێکی زۆر لەسەر شانی خۆی لادەبات، هاندەران ئارامتر دەبن و مۆڵەتێکی زیاتر دەدەن بە ڕاهێنەرە بیانییەکە بۆ کارکردن، لەوەی کە دەیدەن بە ڕاهێنەرێکی ناوخۆیی.

بەرزبوونەوەی ئاستی دارایی و گۆڕینی ستراتیژی یانەکان

گۆڕینی ناوی خولەکە بۆ خولی ئەستێرەکان و زیادبوونی داهاتیان یانەکان ئێستا دەتوانن مووچەی گرانبەهای ڕاهێنەرە بیانییەکان دابین بکەن کە پێشتر بۆیان ئەستەم بوو.

گەڕان بەدوای تاکتیک و زانستی نوێی تۆپی پێدا

یانەکان هەست دەکەن کە تۆپی پێی جیهان لە ڕووی تاکتیکی و زانستییەوە وەک شیکاریی داتا، ئامادەکاریی جەستەیی، و پلانی یاری زۆر پێشکەوتووە. هێنانی ڕاهێنەرێکی بیانی بەتایبەت لە قوتابخانەکانی بەڕازیل، پورتوگال، یان ئەوروپا دەتوانێت زانستی نوێ بهێنێتە ناو یانەکەوە.

كارگێری یانەکان پێیان وایە کە ڕاهێنەری بیانی دەتوانێت پیشەگەرانەتر عەقڵییەتی یاریزانە ناوخۆییەکان بگۆڕێت و زیاتر بەرەو پیشەگەرییان ببات.

پێشبڕکێی نێوان یانەکان:

کاتێک یانەیەکی گەورە ڕاهێنەرێکی بیانیی ناسراو دەهێنێت، فشارێکی دەروونی لەسەر یانە ڕکابەرەکانی دروست دەکات و ڕاهێنەری بیانی پەیوەندی و تۆڕێکی فراوانتری هەیە لەگه‌ڵ یاریزاناندا، یانەکان هیوادارن کە ڕاهێنەرە بیانییەکە بتوانێت یاریزانی بیانیی کوالیتی بەرزتر و بە نرخێکی گونجاوتر بۆ یانەکە بهێنێت

كامه‌یان سەرکەده‌كه‌وێت؟

وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەنها پاڵەوانێتییەک نابێت بۆ بردنەوەی نازناوێک، بەڵکو دەبێتە گۆڕەپانێکی ركابه‌ری بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکی قووڵ ئایا داهاتووی تۆپی پێی عێراق لە کرانەوە بەڕووی جیهان و وەرگرتنی ئەزموونی بیانییدایە؟ یان ده‌بێته‌ پاراستنی ناسنامە ئه‌مه‌ش  پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە کۆتایی وەرزدا، لەسەر سەکۆی مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان، بە روونی دەردەکەوێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button