
یاریگا –
ئێدواردۆ کاماڤینگا، یاریزانی اریال مەدرید بەشداری مەشقی بە کۆمەڵی یانەکەی ناکات و خەریکە رکابەری لەگەڵ کات دەکات.
کاماڤینگای تەمەن 22 ساڵان، بەشداری لە مەشقەکانی ئەمڕۆ یەکشەممە نەکرد، ئەمەش دوای ئەوەی پاژنە پێی تووشی پێکان بوو.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، گومان لە بەشداریکردن لە یاریی دۆستانەی ریال مەدرید بەرامبەر تیرۆلی نەمسایی هەیە، تاوەکو ئێستاش وردەکاری پێکانەکە و ماوەی دوورکەوتنەوەی رووننەکراوەتەوە.
کاماڤینگا بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی رانی چەپی، بەشداری لە دوا شەش یاریی وەرزی رابردووی لالیگا و یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا نەکرد، دواتر بەهۆی ئامادەنەبوونی لەڕووی جەستەییەوە، نەیتوانی بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالی یانەکانیش بکات.
یاریزانی نێودەوڵەتی فەڕەنسی بەشداری 35 یاریی وەرزی رابردووی ریال مەدرید کرد، بەهۆی پێکان چوار جار لە یاریگاکان دابڕا.
لە سەرەتای وەرزی رابردوو، کاماڤینگا بۆ ماوەی حەفت هەفتە لە یاریگاکان دابڕا، دوای ئەوەی ئەژنۆی چەپی تووشی پێکان بوو، هەروەها لە مانگەکانی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەم و دیسێمبەر/کانوونی یەکەم بەهۆی پێکانی ئەژنۆ بۆ ماوەی دوو هەفتە دابڕا. لە مانگەکان یەنایەر/کانوونی دووەم و فێبرایەر/شوبات بۆ ماوەی سێ هەفتە دوورکەوتەوە.
ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2021 لە ململانێیەکی توند بەسەر مانچێستەر یونایتد و پاریس سانجێرمان سەرکەوت و گرێبەستی لەگەڵ کاماڤینگا واژۆکرد. لەوساتەوە کاماڤینگا 180 یاریی لەگەڵ مەدرید کردووە، دووجار بووەتە پاڵەوانی لالیگا و دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ و دووجاریش جامی سوپەری ئیسپانیای بردووەتەوە.
سێشەممە لە یەکەم یاریی ئامادەکاری وەرزی نوێ، ریال مەدرید بەرامبەر تیرۆلی نەمسایی یاریی دەکات، بڕیارە 19ی ئەم مانگە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یەکەم یاریی وەرزی نوێ بەرامبەر ئۆساسونا بکات.