ئیسپانیا

هەنگاوێکی نوێی ریال مەدرید بۆ پاراستنی یاریزانەکانی

خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر!

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید گۆڕانکاری بەرچاوی بۆ بەهێزکردنی کادری پزیشکی یانەکەی کردووە، دوو ئەندامی نوێی بۆ یانەکەی زیادکرد.

بەگوێڕەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاتێلێتیک، مانوێل ئارۆیۆ و خوان مانوێل فێرناندێز کە پێشتر پزیشکی یانەی گرانادا بوون، پەیوەندییان بە ستافی پزیشکی ریال مەدرید کردووە و لە کۆمەڵگای ڤالدیبێاس ئامادەبوون.

ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی پێکانەکانی یاریزانەکانە لە وەرزی داهاتوودا، ئەمەش پرسێکە کە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار کاریگەری لەسەر پرۆسەی رکابەریی تیپەکە هەبووە. بەم گۆڕانکاریانە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە هەوڵدەدات هەلومەرجێک دروست بکات کە تیپەکە بتوانێت بە پێکهاتەیەکی تەواو و ئامادە لە هەموو پاڵەوانێتییەکان رکابەری بکات.

بەڕیوبەرانی مێرەنگی پێیان وایە ئەگەر تەندروستی جەستەیی یاریزانان بپارێزرێت، ئەوا توانای تیپەکە رێگەیان پێدەدات رکابەرییەکی جیددی بکات بۆ بەدەستهێنانی هەموو نازناوەکان. هاتنی ئەم دوو پسپۆڕە بەئەزموونە دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ چارەسەرکردن و خۆپاراستن لە پێکان و هەلومەرجێک دروست بکات کە ئەستێرەکانی تیپەکە بتوانن تەنیا سەرنجیان لەسەر ئاستی وەرزشی خۆیان بێت بەبێ ئەوەی نیگەرانی پێکان بن.

ئەم گۆڕانکاریانە ئەوە دەردەخەن کە ریال مەدرید هەوڵدەدات ئاستی خۆی نەک تەنیا لە جوارگۆشەی سەوز بەڵکو لە دەرەوەی یاریگاش باشتر بکات، ئەمەش شتێک کە دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە لە ئەنجامی وەرزی داهاتوودا دروست بکات و ڤاڵدیبیباس بکاتە ژینگەیەکی سەلامەتتر و کاراتر بۆ یاریزانەکان.

بابەتی زیاتر

Back to top button