هەموو شتێک بزانە؛ بۆچی سەرهەنگ موحسین بێ یانە ماوەتەوە؟
بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا کۆمەڵێک نهێنی لەبارەی سەرهەنگ موحسین ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دەست بەکاربوونی دەستەی کارگێڕی راهێنەرایەتی نوێی یانەی هەولێر، بە ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چارەنووسی سەرهەنگ موحسین دروستکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دۆخی ئێستای سەرهەنگ موحسینی روونکردەوە.
مانگی رابردوو، گرێبەستی سەرهەنگ موحسین لەگەڵ یانەی نەجەف بەسەرچوو، هەرچەندە گفتوگۆی سەرەتایی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کران، بەڵام سەرهەنگ خەیاڵی لای یانەیەکی دیکەبوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی یاریگا، سەرهەنگ موحسین بە تەواوی لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی پێشووی هەولێر رێککەوتبوو و گەڕانەوەی بۆ یانەی دایک یەکلاییکردبووەوە.
سەرهەنگ موحسین بەهۆی یانەی هەولێرەوە، تەواوی گفتوگۆکانی لەگەڵ نەجەف وەستاند و چەند ئۆفەرێکی دیکەی یانەکانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراقی رەتکردەوە.
هیوای گەورەی سەرهەنگ گەڕانەوەبوو بۆ یانەی هەولێر، بەڵام دوای نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی سەمیر بابۆ و دەستنیشانکردنی باسم قاسم، وەکو راهێنەری نوێی یانەکە، ئیتر رێککەوتنە سەرەتاییەکەی سەرهەنگ لەگەڵ ستافی راهێنەرایەتی پێشووی یانەکەی قەڵا و منارە لەبارچوو.
گۆڵپارێزە گەورەکەی هەولێر، بەهۆی زەردپۆشەکان تەواوی ئۆفەرەکانی دیکەی رەتکردەوە، کەچی ئێستا بێ یانەیە و چارەنووسی ناڕوونە.
سەرهەنگ موحسین پێشتر یاریی بۆ یانەکانی هەولێر، شوڕتە، ئەمانەی بەغدا و نەجەف کردووە.