
یاریگا –
سعوودیەکان بەردەوامن لە گواستنەوەی یاریزانانی پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا و ئینیگۆ مارتینێز کۆتا گرێبەستی گەورەی ئەم هاوینەیان نابێت.
رۆژنامەی مارکا ئاشکرایکردووە، ئێستا سعوودیەکان بیر لە گواستنەوەی هەردوو ئەستێرەی ریال مەدرید دانی سێبایۆسی ئیسپانی و دەیڤد ئالابسی نەمسایی دەکەنەوە و ئامانجیانە لەم هاوینە گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەن.
گرێبەستەکەی ئالابا لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2026 بەسەردەچێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی مارکا، بەرگریکارە 33 ساڵانییەکە دەیەوێت تاوەکوو کۆتایی گرێبەستەکەی لە مەدرید بمێنێتەوە، لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر لێگانێسیش یاریی کردووە.

گرێبەستەکەی سێبایۆسیش لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت، رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ناوەڕاستکارەکەی مەدرید حەزدەکات بگەڕێتەوە ریال بێتیس و رەنگە تەنیا لەپێناو بێتیس، مەدرید جێبهێڵێت.
گرێبەستە لەناکاوەکەی ئینیگۆ مارتینێز، بەرگریکاری بارسێلۆنا لەگەڵ نەسڕ تەواوی هاوکێشەکانی گۆڕیووە، بۆیە تاوەکوو کۆتا خولەکی مێرکاتۆی هاوینە ئەگەری روودانی هەر گرێبەستێکی سوپڕایزی دیکە هەیە.
مووچەی ساڵانەی ئالابا لە ریال مەدرید 26 ملیۆن دۆلارە، تەمەنی یاریزانەکە هەڵکشاوە و بەردەوام تووشی پێکان دەبێت، بۆیە کارگێڕی یانەکە ئامادەیە ئاسانکاری بۆ رۆیشتنی بکات.
دۆسیەی سێبایۆس کەمێک ئاڵۆزترە، ریال مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لێی 15 ملیۆن یۆرۆی دەوێت، بەڵام بێتیس ئامادەیە تەنیا 5 ملیۆن خەرج بکات، ئەمەش گواستنەوەکەی ئەستەم کردووە.
