
یاریگا –
پاڵپشتی دارایی وڵاتانی جیاواز بۆ یانە گەورەکان بووەتە رەوتێکی ئاسایی و بەردەوام.
رێککەوتنی بارسێلۆنا لەگەڵ کۆماری کۆنگۆ، هاوبەشییەک بوو کە ئەم وڵاتە سپۆنسەری دارایی یانەکە دەکات. رێککەوتنەکە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت و بەهای کۆی گشتی 40 ملیۆن یۆرۆیە. ئامانجەکە روونە: ناساندنی ناوبانگی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لە رێگەی تۆپی پێ. ئەم رێبازە پێشتر لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانەوە بەکارهێنراوە بۆ زیاتر ناساندنیان لە رێگەی وەبەرهێنانی دارایی و بە ئامانجی پەرەپێدانی گەشتیاری لە وڵاتەکەیاندا.
بارسێلۆنا یەکەم یانە نییە کە گرێبەستێکی لەو شێوەیەی واژۆ بکات. ئەو وڵاتە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ یانەکانی دیکەی ئەوروپی واژۆکردبوو، لەوانە مۆناکۆ و میلان. ئەم سپۆنسەرییە دەتوانێت چەندین شێوەی هەبێت، لەوانە نوسینی ناو یان براندی وڵاتەکە لەسەر درێسی فەرمی یان درێسی مەشقەکانی تیپەکە.
ئەم رێککەوتنە ئابوورییانە هەمیشە رووبەڕووی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بەرچاو بوونەتەوە، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ وڵاتانێک کە شەڕی لێیە واژۆ دەکرێن. کۆنگۆ لەگەڵ رواندا لە شەڕدایە و ئەم گرێبەستە سپۆنسەرییە لەگەڵ بارسێلۆنا ئەو رێبازە ستراتیژییەیە هاوشێوەی سیاسەتی بازاڕکردنە کە رواندا لە ساڵی 2018ەوە لەژێر ناوی براندی “دەستەی گەشەپێدانی رواندا” پەیڕەوی لێدەکات.
کۆمپانیای گەشتیاری دەوڵەتی رواندا چەندین گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ یانە گەورەکانی تۆپی پێدا هەیە. ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەمساڵ گرێبەستێکی واژۆکرد کە تا ساڵی 2028 براندی Visit Rwanda “سەردانی ڕواندا” لەسەر درێسی مەشقی تیپی یەکەم دەبینرێت، هەروەها پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ سپۆنسەری خۆیان پاراستووە. لەڕاستیدا یانە پاریسییەکە گرێبەستەکەی تا ساڵی 2028 درێژکردووەتەوە و ئەو براندەی لەسەر قۆڵی درێسی یاریزانەکان لە یارییە فەرمییەکانی مۆندیالی یانەکاندا بینرا. هەروەها بایرن میونشن گرێبەستی پەخشی لە یاریگای ئالیانز ئارێنا واژۆ کردووە.
ئەو وڵاتانەی کە سپۆنسەری تۆپی پێ دەکەن:
کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ | براند: DRC | تیپەکان: بارسێلۆنا، مۆناکۆ، میلان
رواندا | براند: Visit Rwanda| تیپەکان: ئاتلێتیکۆ مەدرید، پاریس سانجێرمان، ئارسیناڵ، بایرن میونشن
قەتەر | براندەکان: Visit Qatar / Qatar Airways | تیپەکان: ئینتەر، پاریس سانجێرمان
ئیمارات | براندەکان: Fly Emirates / Etihad Airways / Visit Dubai | تیپەکان: ریال مەدرید، میلان، ئارسیناڵ، لیۆن، بنفیکا، سیتی
سعودیە | براندەکان: Riyadh Air / Riyadh Season / Visit Saudi | تیپەکان: ئەتلەتیکۆ مەدرید، ڕۆما
ماڵتا | براند: Visit Malta | تیپ: مانچستەر یونایتد
ماڵدیڤ | براند: Maldives | تیپ: لیڤەرپوول
مەنگۆلیا | براند: Go Mongolia | تیپ: فولهام
کوراکاو | براند: Curaçao | تیپ: ئەیاکس
هاوکات وڵاتانی دیکەش بەشدارییان لە رەوتی سپۆنسەری لە تۆپی پێدا کردووە. هەندێک لە یانەکانی ئینگڵتەرا وەک مانچسێتەر یونایتد و لیڤەرپوول و فولهام گرێبەستیان لەگەڵ وڵاتانی وەک ماڵتا و ماڵدیڤ و مەنگۆلیا هەیە. هەروەها ئەیاکس گرێبەستێکی لەگەڵ کوراکاو واژۆ کردووە و درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تا ساڵی 2027.
ئەم گرێبەستانە سودێکی دارایی بەرچاویان بۆ یانەکان هەیە و بەهای گرێبەستەکان تا 300 ملیۆن یۆرۆ دەخەملێنرێت کە هاوکات جیا لە سپۆنسەرە وەرزشییەکان لەم رێگەیەشەوە ساڵانە داهات کۆ دەکەنەوە.