تۆتنهام گفتوگۆی لەگەڵ ئەستێرەیەکی پێشووی ریال مەدرید دەستپێکردووە
هیچ هەنگاوی فەرمی نەنراوە

یاریگا –
تۆتنهام هۆستپێر چاوی لە دوو تاوەکو سێ گواستنەوەی گەورەیە بەر لە داخرانی دەرگاکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، تۆتنهام گرنگی بە نیکۆ پاز، یاریزانی لاوی کۆمۆی ئیتاڵی داوە و ئامادەن لە ماوەیەکی نزیکدا، ئۆفەرێی فەرمی پێشکەشی یاریزانە 20 ساڵییەکە بکات.
هۆکاری دواکەوتنی پێشکەشکردنی ئۆفەرەکە، بڵاوبوونەوەی راپۆرتی میدیایی بوو لە ئیتاڵیا. پێنجشەممەی رابردوو، میدیاکانی ئیتاڵیا لە زاری بەپرسێکی یانەکە بڵاویانکردەوە، پاز بۆ فرۆشتن نییە.
پاز لە هاوینی رابردوودا لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە کۆمۆ کرد، بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، ریال مەدرید لەم هاوینەدا دەتوانێت پاز بە بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ و هاوینی داهاتووش بە 9 ملیۆن یۆرۆ و لە هاوینی ساڵی 2027یشدا بە 10 ملیۆن یۆرۆ بگەڕێنێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ. بەرپرسانی یانە ئیسپانییەکە دەیانەوێت پاز بەتەواوی گەشەبکات، ئینجا بڕیاری کۆتایی لەسەردەدەن.
تۆتنهام پێویستی بە یاریسازێکی ژیرە، بەتایبەت دوای ئەوەی بڕیاری نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆی جەیمس مادیسن دراوە و بەمەش بەشداری لە هیچ یارییەکی ئەم وەرزە ناکات.
تەنانەت بەر لە پێکانەکەی مادیسن، سپێرز هەوڵی گواستنەوەی مۆرگان گیبس وایتی لە نۆتینگهام فۆڕێست بەبڕی 60 ملیۆن پاوەندا، بەڵام لە کۆتاییدا یاریزانەکە گرێبەستەکەی لە سیتی گڕاوند نوێکردەوە.
پاز بەرهەمی ئەکادیمیای ریال مەدرید، لەگەڵ تیمی کاستیا لەکۆی 54 یاریدا 12 گۆڵ و حەفت ئەسیستی هەبوو. لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، پاز یەکەم یاریی خۆی بۆ تیمی یەکەمی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بڕاگا کرد، دواتر حەفت یاریی دیکەی لەگەڵ لۆس بلانکۆس کرد.
لە هاوینی ساڵی رابردوودا، پاز بەبڕی شەش ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە کۆمۆوە کرد. لەوساتەوە 35 یاریی بۆ یانەکە کردووە، خاوەنی شەش گۆڵ و 9 ئەسیستبوو. کۆمۆ لەگەڵ پاز پلەی دەیەمی سێریا ئەی بەدەستهێنا، هەرچەندە یەکەم بەشداری یانەکەبوو لە سێریای دوای 21 ساڵ دابڕان.
چوارشەممە تۆتنهام لە یاریی جامی سوپەر ئەوروپا رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ دەبێتەوە.