کاتی ماڵئاواییە؛ راهێنەری نیوکاسڵ بە نیگەرانییەوە باسی ئیزاک دەکات
ئێدی هاو پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و دان بە سەختی دۆخەکە دەنێت

یاریگا –
چارەنووسی ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی سویدی تاوەکو ئێستا لە نیوکاسڵ یونایتد یەکلایینەکراوەتەوە.
ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ دووپاتیدەکاتەوە، هێشتا ئیزاک داهاتووی لە یانەکە ماوە، بەڵام بەم دۆخەی ئێستا ناتوانێت مەشقی بەکۆمەڵ لەگەڵ یاریزانانی دیکە بکات و بەمەش بەشداری لە یەکەم یاریی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ ناکات.
دووشەممەی رابردوو، ئیزاک گەڕایەوە بارەگای یانە و مەشقی تاکەکەسی دەستپێکرد، ئەمەش دوای بەشداری نەکردنی لە گەشتی ئامادەکاری وەرزی نوێ لە ئاسیا، جیا لەمەش ئیزاک بەبێ ئاگادارکردنەوەی یانەکەی، لە ناوەندی مەشقەکانی ریال سۆسیداد لە ئیسپانیا، ئامادەکاری وەرزی بە تەنیا دەستپێکرد.
تاوەکو ئێستا نیوکاسڵ ئۆفەرێکی فەرمی لیڤەرپوولی بەبڕی 110 ملیۆن پاوەند رەتکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیزاک بە یانەکەی راگەیاند، دەیەوێت پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.
ئیزاک بەشداری لە یاریی رابردووی نیوکاسڵ بەرامبەر ئیسپانیۆل نەکرد، ویلیام ئۆسوولا، لە شوێنی ئیزاک یارییکرد، ئەمەش دوای ئەوەی هاو رەتیکردەوە، ئێستا ئیزاک بگەڕێتەوە مەشقەکانی بە کۆمەڵی یانەکە.
هاو لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەوانیدا بەمشێوەیە باسی ئیزاکی کرد؛
حەز دەکەم ئیزاک ئەمڕۆ یاریی بکات، دەمەوێت سبەی مەشقەکان دەستپێبکاتەوە، حەز دەکەین یاریزانەکە لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە، با ئەمەتان زۆر بۆ روون بکەمەوە، هیچ کەسێک لە ئێمە نییە، هیوای مانەوەی ئەلێکس نەخوازێت.
بەڵام پێموانییە بەر لە یارییەکەی ئاستۆن ڤیلا هیچ بگۆڕێت، ئەم دۆخەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
هاو لە دوای یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر ئیسپانیۆل، قسەی زیاتری لەبارەی ئیزاک کرد و دووپاتیکردەوە، خەریکی گفتوگۆی چڕن، تاوەکو چارەسەرییەک بدۆزنەوە؛
گفتوگۆی زۆرمان کردووە و ئەوە یەکلاییکراوەتەوە، ناتوانین لەم دۆخەدا بانگهێشتی مەشقەکانی بکەین.
نازانم ئەم دۆخە تاوەکو چ ماوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە، ناتوانین بەمشێوەیە بانگهێشتی مەشقی بە کۆمەڵی بکەین.
ئیزاک بە تەنیا مەشقەکانی دەکات و لەوەتەی گەشتی ئامادەکاری ئەم وەرزەمان لە ئاسیا، بەردەوام باسمان لە دۆخی ئەلێکس کردووە، پێموانییە هیچ شتێکی پەیوەست بە دیسپلن هەبێت.
هاو لە وەڵامی بوونی ترووسکایەک بۆ مانەوەی ئیزاک لە نیوکاسڵ روونیکردەوە؛
ئیزاک لێرەیە و بەدڵنیاییەوە داهاتووی لە نیوکاسڵ هەیە. لەڕوانگەی ئێمەوە، حەز دەکەین جارێکی دیکە بێتەوە نێو یانەکە، بەڵام دەبێ دۆخەکە یەکلاییبکرێتەوە و دواتر شتەکان روودەدەن. ئەلێکس کێشەی ئامادەیی جەستەیی نییە.
ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.
ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.