ئیسپانیاگرنگترین

ئێستا؛ تێر شتیگن پەیامێکی گرنگ بڵاودەکاتەوە

"هەرگیز نەمدەزانی دەبمە کێشە"

Yariga App

یاریگا –

مارک ئاندرێ تێر شتیگن پەیامێکی گرنگ لەبارەی نەشتەرگەرییەکەی و کێشەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بڵاودەکاتەوە.

لە چەند مانگی رابردوو چ لەڕووی توانای جەستەییەوە چ لەڕووی دەروونییەوە بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕیم، وەکوو هەموو یاریزانێک تەنیا ئامانجم ئەوە بووە لەدوای پێکان بەخێرایی بۆ یاریکردن بگەڕێمەوە تاوەکو یارمەتی ئەو تیپە بدەم کە زۆرم خۆشدەوێت.

لەم هەفتەیەی دواییدا زۆر شت لەبارەی من گوتراون و زۆرینەی قسەکان بێبنەمان، بۆیە ویستم خۆم بەوپەڕی رێزەوە هەموو شتێک روونبکەمەوە.

بڕیاری نەشتەرگەرییەکەم دوای راوێژکردن لەگەڵ پزیشکانی پسپۆڕ و بە رەزامەندی تەواوی یانەکە دراوە، هەمیشە ئامانجم بووە پارێزگاری لە کاروانی وەرزشیم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بکەم کە بارسێلۆناش هەمان ئامانجی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانم بەخێرایی بگەڕێمەوە و لەپێناو یانەکەم بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان بجەنگم.

هەر بۆیە بەشێوەیەکی ئاشکرا ماوەی دوورکەوتنەوەم و کاتی گەڕانەوەم ئاشکراکرد، ئەویش بە راوێژکردن لەگەڵ بەناوبانگترین شارەزایانی بوارەکە بە ئاگاداری و هەماهەنگی خودی یانەکەم.

هەروەها دەمەوێت روونکردنەوە لەسەر هەندێک قسە و باس بدەم، واژۆکرانی گرێبەستە نوێیەکان و نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان لەپێش نەشتەرگەرییەکەم بووە، بۆیە هەرگیز نەمدەزانی ئەو نەشتەرگەرییە سەختەی کە بەناچاری کردم کاریگەری لەسەر تۆمارکرانی ناوی یاریزانانی دیکەمان دەبێت، بەپێچەوانەوە رێزکی زۆرم بۆیان هەیە و بەپەرۆشم بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو ژووری جلگۆڕین لەگەڵیاندا هاوبەشی پێبکەم، هەر روونکردنەوەیەکی دیکە لەوبارەیەوە بەلامەوە نادادپەروەرانە و نادروستە.

بەدرێژایی ژیانی پیشەگەریم هەمیشە هەوڵمداوە پیشەییانە کاربکەم و رێز لە هەمووان بگرم و پابەند بم بەو لایەنەی نوێنەرایەتی دەکەم، خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ بارسێلۆنا و ئەم شارە و هاندەرانی هەیە کە ساڵانێکی زۆرە پشتگیریان کردووم، بە پابەندی دەمێنمەوە.

تێدەگەم ساتە سەختەکان دەکرێت گرژی دروست بکەن، بەڵام بەدڵناییەوە لە رێگەی گفتوگۆ و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەتوانین ئەم دۆخە چارەسەر بکەین، ئامادەم هاوکاری تەواوی کارگێڕی یانەکەم بکەم بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکەو تۆمارکردنی ناوی یاریزانی شوێنگرەوە

• رەنگە زۆر شت بگۆڕێت، بەڵام یەک شت هەرگیز ناگۆڕێت؛ خۆشمدەوێیت، کۆلەرز!

دوێنێ بەشێوەیەکی فەرمی بارسێلۆنا رایگەیاند، چیدیکە شتیگن کاپتنی یانەکە نییە و ئەو بەرپرسیارییەتەی لێسەندراوەتەوە.

کێشەی بارسا و شتیگن چییە؟ بۆتان عومەر هەموو شتێکتان بۆ رووندەکاتەوە؛

بابەتی زیاتر

Back to top button