
یاریگا –
سەمیر بابۆ، راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، بە توندی هێرشیکردە سەر یانەی هەولێر.
بابۆ کە دوێنێ سێشەممە، گفتوگۆکانی لەگەڵ یانەی هەولێر بەتەواوی شکستیهێنا و ئەمڕۆ دووپاتیکردەوە، لە سەرەتاوە بڕیاری پێشوەختە بۆ دوورخستنەوەی من لە هاوکێشەی یانەی هەولێر هەبوو.
سەمیر بابۆ باسی گەندەڵییەکانی یانەی هەولێر و قسەی سەرۆکی نوێی یانەکە دەکات
تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ وەرگرتنی رای فەرمی یانەی هەولێر هەوڵی زۆریدا و لە کۆتاییدا، رەوەز سەلام، گوتەبێژی یانەی هەولێر هەڵوێستی فەرمی یانەکەی لەسەر قسەکانی سەمیر بابۆ یەکلاییکردەوە.
رەوەز سەلام بە یاریگای راگەیاندووە؛
وەڵامی لێدوانەکانی سەمیر بابۆ نادەینەوە، نەک تەنیا قسەکانی بابۆ، بەڵکو وەڵامی هیچ کەسێک نادەینەوە.
ئێمە کاری زۆر گرنگترمان لەبەردەمە.
لەلایەکی دیکەوە، سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی قسەکانی سەمیر بابۆ، گوایە دوای چوار مانگی دیکە دەست لەکاردەکێشێتەوە روونیکردەوە؛
هەرگیز نەمگوتوە سێ مانگ بەردەوام دەبم و دواتر دەست لەکاردەکێشمەوە، بەڵکو لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوام دەبم و لە ئەگەری دەرچوونم لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە پۆستەکەم وەکو سەرۆکی یانە بەردەوام دەبم.
لەبارەی خەرجکردنی حەفت ملیار دینار بۆ باسم قاسم، سەفین یاسین دەڵێت؛
باسی خەرجکردنی حەفت ملیار دینارمان نەکردووە، بەڵکو لەسەر چەند شتێکی دیکە رێککەوتووین.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر قەڵای هەولێر، باسم قاسم بە راهێنەری نوێی یانەی هەولێر ناسێندرا، ئەمەش دوای گفتوگۆییەکی چەند رۆژە لە شاری هەولێر.