تەواو؛ دهۆک چوار یاریزانی ئاست بەرز دەگوازێتەوە
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیاری نوێ لەسەر مێرکاتۆی هاوینەی دهۆک ئاشکرا دەکات

یاریگا –
یانەی دهۆک دوور لە چاوی میدیاکان و بەبێ ئەوەی راهێنەری دەستنیشانکردبێت، چوار گرێبەستی یەکلاییکردووەتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی باڵا کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، دووپاتیدەکاتەوە، دهۆک گرێبەستی لەگەڵ هێرشبەر، دوو بەرگریکار و گۆڵپارێزێک واژۆکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە؛ بڕیارە ئەمڕۆ عەلی یاسین، گۆڵپارێزی یانەی نەفت، گرێبەستەکەی لەگەڵ دهۆک واژۆ بکات و ئێستا لە شاری داسنیایە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یانەکە کۆبووەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوود،ا دهۆک گرێبەستی لەگەڵ یوسف ئیمام، بەرگریکاری یانەی BK ئۆڵێمپیک مالمۆی سویدی واژۆکردووە. یاریزانەکە لە خولی پلەی سێی سوید یارییدەکات و تەمەنی 21 ساڵە.
ئیمام بەرهەمی ئەکادیمیای مالمۆیە و بەدرێژایی کاروانی وەرزشی خۆی یاریی تەنیا بۆ دوو یانەکەی شاری مالمۆی باشووری سوید کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دهۆک گرێبەستی عەمار موحسین، کە هەڵگری وڵاتینامەی عێراق و سویدە و لە هێڵی هێرشبەری یاریی دەکات، یەکلاییکردووەتەوە.
عەماری تەمەن 27 ساڵان، یاریی بۆ چەندین یانەی سویدی کردووە و بەر لە پەیوەندیکردنی بە یانەی دهۆک، هێرشبەری یانەی براگێ بووە و لە خولی پلەدووی سوید ‘سوپەریتان’ یارییکردووە.
عەمار موحسین خاوەنی دوو یاریی نێودەوڵەتییە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
سەرچاوەکە باڵاکە جەختیدەکاتەوە، دهۆک هەموو شتێکی لەگەڵ سەعد ناتق، یاریزانی نێودەوڵەتی عێراقی و یانەی تەڵەبە تەواوکردووە و ئێستا بەرگریکاری نوێی دهۆکە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بڕیارە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، دهۆک ناسنامەی راهێنەرەکەی دەستنیشان بکات.