تۆپهاوێژەکان ناوەستن؛ زاخۆ گرێبەستی هێرشبه‌رێكی گه‌وره لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەکات
له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو راده‌گه‌یه‌نرێت

یاریگا –
عەلائەدین دالی، گۆڵکارە سوورییەکە لە دەرگای زاخۆ له خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق بەردەوام ده‌بێت.
تۆڕی وه‌رزشی یاریگا له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا زانیاری تایبەتی لەبارەی مێرکاتۆی یاریزانانی یانەکەی پرا دەلال ده‌ستكه‌وتووه، زاخۆ له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ره سورییه‌كه گەیشتووەتە رێكکه‌وتن و له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا یانه‌كه به‌فه‌رمی گواستنه‌وه‌ی ئەستێرەکەی پێشووی نەفتی میسان راده‌گه‌یه‌نێت.
یاریگا ئاگاداری گفتوگۆی چەند رۆژەی نێوان دالی و بەرپرسانی باڵای یانەکە بووە، زیاتر له 20 رۆژه زاخۆ له‌گه‌ڵ دالی له گفتوگۆدایه و چه‌ند رۆژێک له‌مه‌و به‌ر به‌ته‌واوی رێککەوتن. بڕیارە له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، زاخۆ هێرشبه‌ره نوێیه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.
عه‌لائه‌دین دالی، ئەستێرەی نێودەوڵەتی سووری وه‌رزی رابردوو له خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ یانه‌ی گه‌رمه بەشداری له 25 یاریی كردووه؛ پێنج گۆڵ و ئه‌سیستێكی هه‌بوو.
دالی پێشتر له خولی عێراق یاریی بۆ یانه‌كانی ئەمانەی بەغدا و نه‌فتی میسان كردووه، له‌گه‌ڵ نه‌فتی میسان دوو وه‌رز له‌مه‌و به‌ر به تۆماركردنی 17 گۆڵ، پله‌ی دووه‌می گۆڵكارانی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراقی به‌ده‌ستهێنا.
عەلائەدین دالی کێیە؟
عەلائەدین یاسین دالی، له 3ـی کانوونی دووەمی 1997 لە شاری حەمای سووریا له دایكبووه، وەک هێرشبەر یاری دەکات، دالی پێش ئەوەی روو لە خولی عێراقی بکات، لە خولی نایابی سووریا ناوی ده‌ركرد و و توانی نازناوی گۆڵکاری خولەکە بەدەست بهێنێت.
شێوازی یاریکردن و تایبەتمەندییەکانی
جووڵەی بێ تۆپ: زۆر ژیرانە لەناو هێڵی بەرگری رکابەردا دەجووڵێت، ئەمەش بۆشایی بۆ خۆی و بۆ هاوکارەکانی دروست دەکات، هەرچەندە شوێنی سەرەکی هێرشبەری ژمارە 9یه بەڵام دەتوانێت وەک هێرشبەری باڵ یان هێرشبه‌ری دووه‌م یاریی بكات.