
یاریگا –
سەمیر بابۆ، راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر، کۆمەڵێک نهێنی لەبارەی وردەکارییەکانی دوورخستنەوەی ئاشکرا دەکات.
سەمیر بابۆ، شەوی رابردوو لەگەڵ یانەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر نەگەیشتە رێککەوتن و بڕیاری نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی درا و ئەم ئێوارەیە باسم قاسم وەکو راهێنەری نوێ دەناسێندرێت.
سەمیر بابۆ لە پرێس کۆنفڕانسێکدا دەستی لەسەر کۆمەڵێک برینی یانەکە دانا و دووپاتیکردەوە؛ دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکە بڕیاری پێشوەختەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستی منیان دابوو.
سەمیر بابۆ دەڵێت، لە یەکەم گفتوگۆی نێوان من و سەفین یاسین، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر شۆک بووم؛
لە یەکەم گفتوگۆی نێوان من و کاک سەفین شۆک بووم، پێمگوت ئامانجت چییە، سەرۆکی یانە گوتی دەمەوێت چوار پێنج یاریی یەکەم ببەمەوە، بەڕاستی بەلامەوە سەیرە بەمشێوەیە بیر بکرێتەوە.
ئەم پەلە پەلەی ئێستا زۆر هەڵەیە، بەلامەوە سەیرە حەفت ملیار دینار خەرج بکرێت بەبێ ئەوەی نەدڵنیایی ئەنجام و نەدڵنیایی دابینکردنی هەیە. بۆیە نابێ پەلە لە بڕیاری هەڵە بدرێت.
راهێنەری پێشووتری پێشمەرگەی هەولێر باسی نەبوونی زەمینەسازی بۆ دەستبەکاربوونی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکە دەکات؛
تاوەکو ئێستا لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق رەزامەندی لەسەر ناوە زیادکراوەکانی دەستەی کارگێڕی نەداوە، بۆیە تاوەکو ئێستا واژۆی سەرۆکی نوێی یانەکە یاسایی نییە، تاوەکو بڕیار دەردەچێت.
لەبارەی هەڵبژاردەکانی دەستەی کارگێڕییەوە، سەمیر بابۆ چەندین نهێنی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، هەڵبژاردن نەکرێت باشترە، چونکە بە گرێبەستی سەیر سەیر و پێدانی شیرینی، دەنگ کۆدەکرێتەوە؛
بەڕاستی هەڵبژاردن لە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر نەکرێت باشترە، چونکە هەمووی بە گرێبەستی ژێر بەژێڕ دەکرێت و دەنگ بە پارە دەکڕدرێت ئەمەش کاریگەری لەسەر دەستنیشانکردنی کەسایەتی هەڵە بۆ پۆستەکانی یانەکە دەبێت.
هەڵبژاردن دەرگایەکی گەورەیە بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە.
بابۆ بە نیگەرانییەوە باسی دۆخی ئێستای یانەی هەولێر کرد و دووپاتیکردەوە، دەبێ یانەی هەولێر سەقامگیری کارگێڕی هەبێت و دەستوەردانەکان رابگیرێت؛
ئەوانەی دەهۆڵ و زوڕنا لێدەدەن ئاگاداری دۆخەکە نین، لە ماوەی رابردوودا باجی ناسەقامگیری کارگێڕی دراوە. نابێ هەموو شتێک ئاسان بکرێت، چونکە یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهێزن و نابێ بەڵێنی گەورە بدرێت.
لەدوای تەواوبوونی وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی کاتیی یانەکەدرا و بە تەنیا جێیان هێشتم، لە هەر دەرگایەکمدا، کەس نەبوو وەڵامم بداتەوە، بەڕاستی بەتەنیا بووم، کەس نەبوو بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت.
سەمیر بابۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە ئاسوودەیی ویژدانی خۆی کرد و جەختیکردەوە، هەموو کارێک لە پێناو سەرخستنی یانەکە درا، بەڵام سوودی نەبوو؛
ویژدانم ئاسوودەیە، چونکە بە ئەمانەتەوە کارەکانم کرد و هەموو هەوڵێکم بۆ سەرخستنی ناوی یانەی هەولێر بوو.
ئامانجی من دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانی وەرزی رابردوو بوو، چونکە دەبێ بەشێوەیەکی زانستی و لۆژیکی ئامادەکاری بۆ وەرزەکانی دواتر بکرێت. بەڵام بڕیاری زۆر خێرا دراوە و سەرباری ئەمەش، هیوای باشترین بۆ دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەکە دەخوازم.
لەلایەکی دیکەوە، چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەکە، لە سەرەتاوە ویستی رێککەوتنیان لەگەڵ مندا نەبوو، ئەمەش مافێکی ئاساییە، بەڵام قسەکانی سەفین یاسین، سەرۆکی یانە، سەمیری تووشی سەرسووڕمان کردووە؛
بەڕاستی شۆک بووم کاتێک سەرۆکی یانەکە گوتی بەشێوەیەکی کاتی لێرەم، بەڕاستی شۆک بووم و لە مانەوە ساردبوومەوە.