
یاریگا –
دوای شکستهێنانی پەیوەندییەکانی نێوان دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر و سەمیر بابۆ بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، راهێنەری پێشووی یانەکەی قەڵا و منارە هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
سەمیر بابۆ نەخشەڕێگەی کارکردنی دوو وەرزی داهاتووی لەگەڵ یانەی هەولێر ئاشکرا دەکات، کە لە ئەگەری مانەوەی لە یانەکە، لە دوو ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرا.
نەخشە رێگەی سەمیر بابۆ لەگەڵ یانەی هەولێر
وەرزی 2025-26
- ئامانجی سەرەکی یانەی هەولێر بۆ وەرزی داهاتوو، مانەوەیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و هەوڵدانە بۆ مانەوە لە پلەکانی ناوەڕاستی ریزبەندی.
- لەڕووی داراییەوە، یانەکە پێویستی بە 3.5 تاوەکو چوار ملیار دینارە، ئەمە تەنیا مووچە و گرێبەستی یاریزانان، راهێنەران و کارگێڕانی تیپی تۆپی پێ دەگرێتەوە.
- بنەمای سەرەکی پێکانی ئامانجی وەرزەکە، دابینکردنی شایستەکانی داراییە لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن. هەروەها مەرجێکی دیکەی سەرکەوتنی یانەکە، دەستوەرنەدانە لە کاروباری راهێنەر لەڕووی هونەری و کارگێڕییەوە.
وەرزی 2026-27
- ئامانجی سەرەکی یانەکە بەدەستهێنانی پلەکانی دووەم تاوەکو شەشەمە.
- یانەکە لەڕووی داراییەوە پێویستی بەبڕی پێنج تاوەکو شەش ملیار دینارە، ئەمە تەنیا مووچە و گرێبەستی یاریزانان، دەستەی راهێنەران و کارگێڕانی تیپی تۆپی پێ دەگرێتەوە.
- مەرجێکی دیکەی سەرەکی بریتیە لەوەی؛ دوای تەواوبوونی وەرزی 2025-26، راهێنەر لە دروستکردنی تیپ و هێنانی یاریزان بۆ وەرزی 2026-27 ئازاد بکرێت. هەوڵدەدرێت پشت بە زۆرترین یاریزانی کورد ببەسترێت.
تێبینییەکانی سەمیر بابۆ بۆ دوو وەرزی داهاتوو چیبوون؟
- سەمیر بابۆ وەکو راهێنەر بەرپرسیارە لە هەر ئەنجامێک بەدەر لە ئامانجی سەرەکی هەردوو وەرزەکە، بەو مەرجەی تاوەکو کۆتایی وەرزی 2026-27 لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.
- ئەگەر لە وەرزی 2025-26 لەو ئامانجەی کە داندراوە (مانەوە لە خول و پلەکانی ناوەڕاستی ریزبەند) شکستیهێنا، ئەوا خۆکارانە گرێبەستەکە هەڵدەوەشێتەوە و بۆ وەرزی دواتر کاری پێناکرێت.