بازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتعێراقگرنگترین

ئەستێرە سڕبییەکەی نەورۆز کۆمەڵێک نهێنی بۆ یاریگا ئاشکرا دەکات

مرشیچ ڤیزەی وەرگرتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا درێسی نەورۆز دەپۆشێت

Yariga App

یاریگا –

یانەی نەورۆز، بەرگریکارێکی لاو لە خولی نایابی سڕبیا دەگوازێتەوە.

یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی لە هەوڵەکانی بۆ رێکخستنەوە و ئامادەکاری وەرزی نوێ بەردەوامە، لەدوای ناساندنی ستافی راهێنەرایەتی و لۆگۆی نوێی یانەکە، ئێستا کار لەسەر گواستنەوەی چەند یاریزانێک دەکەن.

لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، نەورۆز لەگەڵ ئۆگنیێن مرشیچ، بەرگریکاری سڕبی و یانەی نۆڤی پازار رێککەوت و بڕیارە لە ماوەی 48 کاتژمێردا بە میدیاکان بناسێندرێت.

مرشیج لە دوای رێککەوتن لەسەر هەموو وردەکارییەکان لەگەڵ نەورۆز بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، بەدواداچوونم بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق کردووە؛

زۆر دڵخۆشم بە رێککەوتن لەگەڵ یانەی نەورۆز، لە ماوەی رابردوودا زانیاری باشم لەسەر خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆکردووەتەوە و ئێستا زانیاری سەرەتاییم لەسەر خولەکە بەگشتی هەیە.

مرشیچ بە پێی چەپ لە دڵی بەرگری یاریی دەکات و باڵایەکی بەرزی هەیە، ئەمەش یارمەتی پلانەکانی بەرگری یاسین ئاراز، راهێنەری یانەکە دەدات.

مرشیچ متمانەیەکی زۆری بە تواناکانی خۆیەتی و بۆ یاریگای دووپاتکردووەتەوە، هەموو شتێک بۆ خۆسەلماندن دەکات؛

زۆر بەپەرۆشم بۆ دەستپێکردنی ئاڵنگارییەکی نوێ، تەواو خۆم بۆ قۆناخی داهاتوو ئامادەکردووە. حەزم لە زۆرگوتن نییە، چونکە دەمەوێت بە ئاست قسە بکەم و هەموو شتێک بسەلمێنم.

بەرگریکارە لاوە سڕبییەکە بەڵێن بە هاندەرانی نەورۆز دەدات، هەموو شتێک لەپێناو سەرخستنی یانەکە بکات؛

دەمەوێت هاندەران دڵنیابکەمەوە، هەموو شتێک دەکەم بۆ بردنەوە و دڵخۆشکردنی هاندەران. تەواو خۆم ئامادەکردووە.


ئۆگنیێن مرشیچ کێیە؟

مرشیچ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، یاریی بۆ دوو یانەی خولی نایابی سڕبی کردووە.

بەرگریکارە لاوەکە لەدایکبووی 13ی فێبرایەر/شوباتی ساڵی 1999 (26 ساڵ)ی شاری زرێنیانین، باکووری سڕبیایە. نەورۆز دەبێتە شەشەم یانەی کاروانی وەرزشی مرشیچ.

لە وەرزی رابردوودا، مرشیچ پلەی سێیەمی خولی سڕبیای لەگەڵ یانەی نۆڤی پازار بەدەستهێنا و نەیتوانی لەگەڵ تیمەکەی بەشداری پاڵەوانیەتییەکی ئەوروپا بکات.

باڵای مرشیچ 193 سانتیمەترە و لە هەردوو شوێنی دڵی بەرگری یاریی دەکات. مرشیچ بەرهەمی ئەکادیمیای یانەی کریلا کراینێی سڕبییە.

لە هاوینی ساڵی 2020 لە یانەی سێلاڤێرۆی خولی پلەپێنجی سڕبیا، پەیوەندی بە ناپرێداکی خولی نایابی سڕبیا کرد، لە هاوینی ساڵی 2024 پەیوەندی ریزەکانی نۆڤی پازاراوە کرد.

نەورۆز چەند یاریزانی گواستووەتەوە؟

سەرەڕای ئاستەنگی دارایی، یانەی نەورۆز هەوڵیداوە بە باشترین شێوە تیمێکی رکابەر بۆ وەرزی نوێ ئامادەبکات.

تاوەکو ئێستا لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، نەورۆز 9 یاریزانی گواستووەتەوە و ئێستاش کار لەسەر گواستنەوەی چەند یاریزانێکی دیکە دەکەن.

هاتووەکان

محەمەد رەزا جەلیل لە زەوڕا

رەوا یوسف لە هەولێر

کاردۆ سەدیق لە ئۆکسفۆرد سیتی

رەزا عەبدولعەزیز لە نەجەف

موڕتەزا هەدیب لە کارەبا

موجتەبا موحسین لە قاسم

هیران ئەحمەد لە قوە جەوییە

عەلی جاسم لە نەجەف

رۆیشتووەکان

عیماد عیسا بۆ زاخۆ

گاتهۆچ پانۆم بۆ نەجەف

عەلادین درێدی بۆ بنزەرتی تونسی

محەمەد زامل بۆ غەڕاف

وائیل بن عوسمان بۆ غەڕاف

موڕتەزا سەتار بۆ غەڕاف

حەسەن عەباس بۆ کارەبا

محەمەد زرێقات – بێ یانە

ژیار گۆڤەند – بێ یانە

محەمەد هاشم – بێ یانە

ئێندفریکی ئیفیۆنگ – بێ یانە

ئەحمەد عەزاوی – بێ یانە

ئامادەکارییەکانی نەورۆز بۆ وەرزی نوێ چین؟

نەورۆز لە 3ی ئۆگەست/ئابی رابردوودا، لە پرێس کۆنفڕانسێکی ناساندی دەستەی راهێنەری وەرزی نوێ لە بارەگای سەرەکی یانەکە لە شاری سلێمانی، لۆگۆی نوێی یانەکەی ئاشکرا کرد.

لۆگۆی یانەی نەورۆز بە شێوازێکی مۆدێرن دیزاین کراوە، هەرچەندە لۆگۆیەکی سادەیە، بەڵام چەندین مانای گەورەی تێدا کۆکراوەتەوە.

پێناسەی لۆگۆی نوێ: لۆگۆی یانەی وەرزی نەورۆز، وەکو دەروازەیەکە بەرەو جیهانی وەرزش و رۆحی نەورۆزی. بەشێوەیەک هونەری سەرنجڕاکێشی رێز لە کولتوور و بەها باڵاکان دەگیرێت. لۆگۆکە ئاوێتەیە لە رەنگ، هێما و وشە، کە پێکەوە پەیامێکی بەهێز و پڕمانا دەگەیەنن.

  • لۆگۆی نوێی یانەی نەورۆز بە شێوەی بازنەییە، هێمای تەواوەتی و گشتگیرییە. ئەم شێوەیە هەستێکی تەواوەتی دەبەخشێت و ئاماژەیە بۆ گرنگی و کاریگەری یانەکە لە کۆمەڵگادا.
  • گوڵە نێرگز: لە هەردوو لای لۆگۆکە، دوو گۆڵی نێرگز دیزاین کراون، گوڵەکانی نێرگز هێمای بەهار، ژیانەوە و رێزلێنانە. گوڵی نێرگز بەشێکی دانەبڕاوە لە فەرهەنگ و کولتووری کوردیدا.
  • ئاگر: هێمای ئاگر لە ناوەڕاستی لۆگۆی نوێی نەورۆز دیزاین کراوە. ئاگر هێمای سەرەکی و دانەبڕاوە لە نەورۆز و مێژووی کوردستان.
  • رەنگی سوور: سوور رەنگێکی پڕشنگدار و سەرنجڕاکێشە. هێمای وزە، ئاگرین و گەرمییە. لەلایەکی دیکەوە رەنگی سوور ئاماژەیە بۆ ئارەزووی بەهێز بۆ سەرکەوتن، ئاڵنگاری و خۆشەویستی بۆ وەرزش.
  • رەنگی سپی: لە ناوەڕاستی لۆگۆکەدا داندراوە. سپی رەنگی پاکی، بێگەردی و روونییە. رەنگەکە ئاماژەیە بۆ ئاشتی، هاوسەنگی و ئومێدی نوێ.
لۆگۆی نوێی یانەی نەورۆز

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، لە ساڵی 1994 لە شاری سلێمانی دامەزراوە. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

لۆگۆی نوێی یانەی نەورۆز؛ گوڵە نێرگز و ئاگری نەورۆز دوو هێمای سەرنجڕاکێشن

بابەتی زیاتر

Back to top button