تۆڕی وەرزشی یاریگا ناسنامە و وادەی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی یانەی دهۆک ئاشکرا دەکات
لە 48 کاتژمێردا هەموو شتێک یەکلاییدەبێتەوە

یاریگا –
تاوەکو ئێستا یانەی دهۆک ناسنامەی راهێنەری نوێی یەکلایینەکردووەتەوە.
دوای ئەوەی سلێمان رەمەزان بڕیاری جێهێشتنی یانەکەی بە بیانووی ‘نەخۆشییەوە’دا و پێی راگەیاندن، ناتوانێت لە راهێنەرایەتی یانەکە بەردەوام بێت، بەڵام یانەکە بە بەیاننامەیەکی فەرمی دەنگۆکەی رەتکردەوە.
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا بڵاویکردبووەوە، سلێمان رەمەزان راهێنەری دهۆک نەخۆشیی گورچیلەکانی هەیە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر و پشوو بۆ نزیکەی دوو هەفتە لە مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا بوو. ئێستا راهێنەرە دوو تەمەنەکەی دهۆک گەڕاوەتەوە.
دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک بڕیاریداوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو، ناسنامەی راهێنەری نوێی یانەکە یەکلاییبکاتەوە، تاوەکو ئامادەکارییەکانی جامی سوپەر دەستپێبکات، بڕیارە پاڵەوانیەتی جامی سوپەر دوای دوو هەفتەی دیکە دەستپێبکات.
هەڵوێستی دهۆک چییە؟
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، دوو راهێنەر بۆ پۆستەکە بەربژێرن و لە دوو رۆژی داهاتوودا، هەموو شتێک یەکلاییدەبێتەوە.
یانەی دهۆک نایەوێت بەبێ سلێمان رەمەزان هیچ بڕیارێک بدات. سەرچاوەکە باڵاکە جەختیکردەوە، سبەی چوارشەممە، یانەی دهۆک لەگەڵ سلێمان رەمەزان کۆدەبێتەوە و کەیسی راهێنەرەکە یەکلاییدەکەنەوە.
(30ـی یۆنیۆ/حوزەیرانیی 2025) سلێمان رەمەزان لە شوێنی ئەمیر ئەزرەفشان بە کاتی بووە راهێنەری دهۆک و یانەی دهۆک ئەوکات لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندبوو، سلێمان رەمەزان بۆ ئەو چەند یارییەی لەم وەرزەکە ماوە، ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەمان دەگرێتە ئەستۆ.
راهێنەرەکەی دهۆک لە کۆتایی وەرزی رابردوو لە چوار یاری راهێنەرایەتی دهۆکی کرد و سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێنا، کە لەو یارییەی یەکسانبوون هەڵۆیەکانی چیا لە یاریگای شەعب بە لێدانە یەکلاییکەرەوەکان جامی عێراقیان بردەوە لە زاخۆ بردەوە.
بژاردەی دووەم کێیە؟
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی وەرزشی یاریگا، جیا لە سێلمان رەمەزان، یانەی دهۆک لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا، گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ حوسام بەدری، راهێنەری میسڕی و راهێنەری ئێستای ئەهلی تەڕابلووسی لیبی کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دووپاتیکردەوە، یانەی دهۆک تەواو لەگەڵ راهێنەرە میسڕییەکە رێککەوتووە، بەڵام چاوەڕێی کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممە لەگەڵ سلێمان رەمەزان دەکات.
هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا، راهێنەرە میسڕییەکە باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دهۆک کرد و رەتیکردەوە ئەرکی مەشقی یانەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام پێدەچێت دهۆک بە شێوازی جیاواز کاری لەسەر رازیکردنی حوسام بەدری کردبێت.
View this post on Instagram
حوسام بەدری کێییە؟
حوسام بەدری یەکێکە لە راهێنەرە دیارەکانی میسڕ، پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی ئەهلی میسڕی، مەریخی سوودانی، ئێنپی میسڕی، ویفاق ستێفی جەزائیری، سەفاقسی توونسی و زەوڕای کردووە.
لە ساڵی 2018 لەلایەن تورکی ئال شێخ، سەرۆکی دەستەی ئاسوودەیی سعوودیە کرایە سەرۆکی یانەی پیرامیدس، بەڵام دوای فرۆشتنی یانەکە لە ساڵی 2021، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە ساڵی 2019 تاوەکو 2021 راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ بووە.
بەدری سێجار لەگەڵ ئەهلی میسڕی نازناوی خول و جارێکیش نازناوی جامی میسڕی بەدەستهێناوە، هەر لەگەڵ ئەهلی سێجار جامی سووپەری بردووەتەوە، لە ساڵی 2012 لەگەڵ یانە میسڕییەکە بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی ئەفریقا.
لە ساڵی 2011 لەگەڵ یانەی مەریخی سوودانی نازناوی خولی وڵاتەکەی بردەوە.