بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقکوردستانگرنگترین

CV؛ باسم قاسم کێیە و چۆن دەتوانێت یارمەتی یانەی هەولێر بدات

راپۆرتێکی پڕزانیاری و شیکاری بۆ باسم قاسم

Yariga App

یاریگا –

باسم قاسم راهێنه‌ری به‌ناوبانگی عێراق له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر رێكه‌وت و بووه‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌.

پێشتر تۆڕی وه‌رزشی یاریگا زانیاری له‌سه‌ر گفتوگۆی راهێنه‌ره‌كه‌ له‌ دوو كاتی جیاواز له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرا كرد. کەمێک پێش ئێستا راهێنه‌ره‌كه‌ به‌فه‌رمی واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ولێر كرد.

باسم قاسم، یەکێکە لە ناوە دیار و کاریگەرەکانی تۆپی پێی عێراق، وه‌كو یاریزان و راهێنه‌ر کاروانێکی وەرزشی پڕ لە دەستکەوت و ئەزموونی جۆرا و جۆر‌ی هه‌یه‌، لەنێو هاندەران و وه‌رزشوانانی عێراق به‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ناسراوه‌.

باسم قاسم وەکو یاریزان

باسم قاسم لە 22ی ئادار/مارسی 1963 لەدایکبووە. کاروانی وەکو یاریزان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا گەشەی کردووە و وەک بەرگریکارێکی بەتوانا یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق و چه‌ند یانه‌یه‌ک كردووه‌، باسم بەشێک بووە لە وەشانی یەکەمی نەوەی زێڕینی تۆپی پێی عێراق و توانیویەتی نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق له‌ جامی جیهانی 1986 بکات.

باسم قاسم وه‌كو یاریزان له‌ ساڵانی 1979–1982 و 1990–1991 یاریی بۆ ئەمانەی بەغدا كردووه‌، دواتر بۆ دوو وه‌رز 1982–1984 بووەتە یاریزانی قوە جەوییە دواتریش بۆ ماوه‌ی شه‌شه ساڵ 1984–1990 درێسی یانه‌ی شوڕته‌ی پۆشیوه‌.

باسم قاسم لە ساڵانی 1985 تا 1988 یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە و 18 یاریی نێودەوڵەتی كردوو یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی وەک یاریزان، بەشداریکردنی بوو لە جامی جیهانی 1986 كه‌ له‌ مەکسیک كرا، ئەو لەو پاڵەوانێتییەدا یەک یاریی كرد.

باسم قاسم وەکو راهێنەر

دوای وازهێنانی لە یاریكردن، کاروانی راهێنەرایەتی باسم قاسم دەستیپێکرد و بە خێرایی توانی خۆی وەک یەکێک لە راهێنەرە سەرکەوتووەکانی عێراق سه‌لماند، کاروانی راهێنەرایەتییەکەی پڕە لە وێستگەی جیاواز و سەرکەوتنی بەرچاو.

باسم قاسم راهێنەرایەتی ژمارەیەکی زۆر یانەی عێراقی و هەندێک یانەی دەرەوەی عێراقی کردووە.

كاروانی راهێنه‌رایه‌تی به‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له‌ یانه‌ی شوڕته‌ ده‌ستپێكرد، كاتێک له‌ ساڵی 1992 بووه‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر و له‌ ساڵی 2003 بووه‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌.

له‌ ساڵی 1996 بووه‌ یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هەڵبژاردەی عێراقی ژێر 20 ساڵ و له‌ ساڵی 2017 بووەتە راهێنه‌ری یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌ی عێڕاق.

راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كانی كوت، كه‌رخ، دیاله، دهۆک، جه‌یش، زه‌ورا، عرووبه‌، سلێمانی، نه‌فت، جه‌وییه و زاخۆ‌ی كردووه‌.

نازناوەکان و دەستکەوتەکان

باسم قاسم بە یەکێک لە راهێنەرە نازناوهێنەرەکان دادەنرێت لە تۆپی پێی عێراقدا، دیارترین نازناوەکانی بریتین لە؛

خولی عێراق

یانەی دهۆک؛ لە وەرزی 2009-10 یارمەتی یانەی دهۆکیدا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

یانەی زەوڕا؛ لە وەرزی 2015-16 نازناوی خولی عێراقی بردەوە.

جامی عێراق

لە وەرزی 2017-18 لەگەڵ قوە جەوییە نازناوەکەی بەدەستهێنا.

جامی یەکێتیی ئاسیا

لەگەڵ یانەی قوە جەوییە دووجار لە ساڵانی 2016 و 2017 بووه‌ پاڵه‌وانی جامی یه‌كێتیی یانه‌كانی ئاسیا. ئەم دوو نازناوە نەک هەر بۆ قوە جەوییە، بەڵکو بۆ تۆپی پێی عێراقیش دەستکەوتێکی گەورە بوو، چونکە یانەیەکی عێراقی توانی لەسەر ئاستی کیشوەره‌كه‌ نازناو بەدەستبهێنێت.

فەلسەفەی تەکنیکی

باسم قاسم بە راهێنەرێکی لۆژیکی ‘واقیعی’ ناسراوە، توانایەکی باشی لە گونجاندنی شێوازی یارییەکەی لەگەڵ تواناکانی یاریزانەکانی و پێداویستییەکانی هەیە. باسم قاسم گرنگییەکی زۆر بە رێکخستنی بەرگری و بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست دەدات. هەروەها توانایەکی باشی لە گەشەپێدانی یاریزانە لاوەکان و بەکارهێنانیان لە پێکهاتەی سەرەکیدا هەیە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button