ته‌واو؛ ئه‌مڕۆ زاخۆ گرێبه‌ستی ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره نوێده‌كاته‌وه
بەمزووانەش راهێنەرێک دەستنیشان دەکرێت

یاریگا –
ئەمجەد عەتوان، یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین داواکاری لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لەسەرە.
هەفتەیەکە گفتوگۆی چڕی نێوان زاخۆ و عەتوان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستیپێکردووە. تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان ئاشکرایدەکات، ئەمڕۆ عەتوان لە زاخۆیە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دوا کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەت یانەکە کۆببێتەوە.
یاریگا زانیویەتی؛ زاخۆ و عەتوان رێککەوتنی سەرەتاییان کردووە و ئەمشەو بە ئەگەرێکی زۆر گرێبەستەکەی واژۆ دەکات.
هەفتەی رابردوو، زاخۆ شاندێکی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی هێشتنەوەی عەتوان ناردە بەغدا. تەوەرە سەرەکییەکان یەکلاییکراونەتەوە و ئەمڕۆ هەموو وردەکارییەکان یەکلاییدەکرێنەوە.
لە ماوه‌ی رابردوودا، چه‌ند یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق هه‌وڵیاندا ئه‌مجه‌د بگوازنه‌وه، به‌ڵام یاریزانه‌كه بەردەوام له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی زاخۆ له گفتوگۆدا بووە و حەزی مانەوەی لە یانەکەی پرا دەلال زیاترە لە جێهێشتنی.
ئه‌مجه‌دی 28 ساڵ وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ زاخۆ له خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق 27 یاریی كرد، بە 13 گۆڵ دووه‌م گۆڵكاری تیپه‌كه بوو و نۆ ئه‌سیستیشی هه‌بوو.
ئه‌مجه‌د پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی كوێتی كوێتی، شوڕتە، نه‌جه‌ف، نه‌فت، ته‌ڵه‌به، كوت و كاره‌با كردووه، دووجار نازناوی خولی عێراقی له‌گه‌ڵ یانه‌ی شوڕته و نه‌فتی ناوەڕاست به‌ده‌ستهێناوه. دووجاریش به باشترین یاریزانی خوله‌كه له وه‌زری 2020-2021 و 2023-2024 دەستنیشانکراوە.
یاریزانه عێراقیه‌كه 83 یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه و چوار گۆڵی هەیە، هەروەها لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین نازناوی جامی كه‌نداوی به‌ده‌ستهێناوه.