تەواو؛ ریال مەدرید دوا بڕیار لەبارەی رۆدریگۆ دەدات
رۆژنامەی مارکا دوایین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
سەرەڕای دەستپێکردنەوەی مەشقەکانی ریال مەدرید بۆ ئامادەکاری وەرزی نوێ، بەڵام چارەنووسی رۆدریگۆ یەکلایینەکراوەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، میدیاکانی نزیک لە یانە مەدریدییەکە رایانگەیاندبوو، بە دەستپێکردنەوەی ئامادەکارییەکانی وەرز، چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەر و رۆدریگۆ بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی یاریزانە بەڕازیلییەکە کۆدەبنەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە بڵاونەکراوەتەوە. رۆژنامەی مارکا لەبارەی داهاتووی رۆدریگۆ روونیکردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا چەندین نێوەندگیر پەیوەندییان بە رۆدریگۆ کردووە تاوەکو مەدرید جێبهێڵێت.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، تۆتنهام ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش ریال مەدرید کردووە، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، کۆبوونەوە و پەیوەندی نێوان نوێنەرانی رۆدریگۆ و دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید چڕکرابوونەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ بڕیارێک.
رۆدریگۆ دەزانێت گرنگی خۆی لە پێکهاتەی ریال مەدرید نەماوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوەیە بۆ جێهێشتنی یانەکە.
🚨 El futuro de Rodrygo se mueve
💸 Varios intermediarios han contactado con el Real Madrid en las últimas semanas y el Tottenham ya ha planteado un precio por el brasileño https://t.co/n6ERS6w8UP
— MARCA (@marca) August 5, 2025
رۆدریگۆ لە هاوینی ساڵی 2019 لە سانتۆسی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، لەو ساتەوە 270 یاریی کردووە، خاوەنی 68 گۆڵ و 51 ئەسیستە.
بەگوێرەی ترانسفێر مارکێت، بەهای ئێستای رۆدریگۆ بریتییە لە 90 ملیۆن یۆرۆ.