سندووقی گواستنەوەکان؛ ریال مەدرید خەریکی گواستنەوە و دەستبەرداربوون لە چەند یاریزانە؟
راپۆرتێکی تێروتەسەلی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەسەر مێرکاتۆی هاوینەی مەدرید

یاریگا –
ریال مەدرید یانەیەکی چالاکی مێرکاتۆی ئەم هاوینەی یاریزانان بوو، هەرچەندە هاندەران داوای گواستنەوەی یاریزانی دیکە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستەی کارگێڕی هیچ ئامانجێکی روونی نییە.
مەدرید هەندێ کێشەی بۆ جێگرەوەی یاریزانان هەیە، چونکە وەرزێکی درێژ چاوەڕێی یانەکە دەکات. لەم بابەتەدا دوایین پەرەسەندنەکانی مێرکاتۆی هاوینەی ریال مەدرید باس دەکەین.
هەفتەی رابردوو چی روویدا؟
هیچ گواستنەوەیەکی گەورە رووینەداوە لە ریال مەدرید، تەنیا بەڕێکردنی چەند یاریزانێک بوو.
مەدرید دەستبەرداری چەند یاریزانێکی ئەکادیمیاکەی بوو. چێما ئاندێرس بۆ شتوتگارت، جاکۆبۆ رامۆن بۆ کۆمۆ و ماریۆ مارتن بۆ خێتافی.
فڕانکۆ ماستانتونۆ یەکشەممە گەیشتە مەدرید، پێناچێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە، یاریزانەکە بە میدیا و هاندەران بناسێندرێت.
پێکهاتەی چابی ئاڵۆنسۆ ئامادەیە؟
چابی ئاڵۆنسۆ لە پرێس کۆنفڕانسی دوای دۆڕانیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان 4-0 لە مۆندیالی یانەکان، دەرگای گواستنەوەی هاوینەی دانەخست و باسی لە ئەگەری گواستنەوەی یاریزانی پێویست کرد، کە هاوتەریبن لەگەڵ پڕۆژەی راهێنەرە ئیسپانییەکە.
بەر لە گەیشتنی بۆ مەدرید، ئاڵۆنسۆ رۆڵێکی بەرچاوی لە گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس، دین هاوسن و ماستانتونۆ گێڕا.
مارتۆ کۆرتێگانا، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆی تایبەت بە ریال مەدرید لە تۆڕی ئاتلێتیک لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری یانەکە دەڵێت؛ ئاڵۆنسۆ پێی وایە هێشتا تیمەکەی تەواو نەبووە، لەوانەیە دوو گرێبەستی دیکەش بکات، یەکەمیان لە ئەگەری چوونە دەرەوەی رۆدریگۆ، چونکە یانەکە لە خزمەتی فەلسەفەی ئاڵۆنسۆدایە.
ریال مەدرید چ جۆرە یاریزانێکی دەوێت؟
یانە مەدریدییەکە بەردەوام چاوی لە بازاڕی یاریزانانە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستنیشانکردنی هیچ یاریانێک نییە، تەنانەت میدیاکانی نزیک لە مەدریدیش هیچ شتێکیان بڵاونەکردووەتەوە.
ئاتلێتیک لە سەرچاوەیەکی نێو یانەکە زانیویەتی، ریال مەدرید دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی تۆکمە بکات، بەڵام یاریزانێکی ئەوتۆی نەدۆزیوەتەوە، بۆیە یاریزانی بێ ئامانج ناگوازرێتەوە و ئاڵۆنسۆ خۆی لەگەڵ پێکهاتەی ئێستا راهێناوە.
کێ ریال مەدرید جێدەهێڵێت؟
ریال و ئاڵۆنسۆ بیرۆکەی دەستبەرداربوون لە رۆدریگۆ رەتناکەنەوە، هەرچەندە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە کەیسەکەیان روونەداوە.
رۆدریگۆ دەیەوێت لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، هەرچەندە ئاڵۆنسۆ و ستافەکەی تەواو بە ئاستی ئێستای رۆدریگۆ دڵخۆش نین. یاریزانە بەڕازیلییەکە لەگەڵ پینی زەهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی خۆی خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانە و ریال مەدرید هیچ شتێکی فەرمی پێنەگەیشتووە.
ئێندریک و گۆنزالۆ گارسیا دەیانەوێت لە مەدرید بمێننەوە. ئۆسکار ریبۆت، بەڕێوەبەری کارەکانی گۆنزالۆ خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ریال مەدرید، تاوەکو گرێبەستی گۆنزالۆ باشتر بکرێت و درێژیش بکرێتەوە، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە مۆندیالی یانەکان.
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بڕیاری نەداوە کێ ژمارە 9ی یانەکە دەپۆشێت، چاوەکانیش لەسەر گۆنزالۆن.
فێرلاند مێندی، بەرگریکاری باڵی چەپ دەیەوێت لە ریال مەدرید بمێنێتەوە و رکابەری فران گارسیا و کارێراس بکات. ئەوەی جێی سەرسووڕمانە، ریال مەدرید نوێکردنەوەی گرێبەستی مێندی رانەگەیاندووە، هەرچەندە ماوەیەکی درێژە هەموو شتێکیان بڕاندووەتەوە.
ریال مەدرید خاوەنی 50%ی گرێبەستی نیکۆ پاز، یاریزانی کۆمۆیە. ریال مەدرید دەتوانێت بەپێدانی بڕی 9 ملیۆن یۆرۆ، پاز بەبێ کێشەی یاسایی بگەڕێنێتەوە مەدرید، ئەگەر ساڵی داهاتووش بڕیاری گەڕاندنەوەی بدەن، ئەوا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ دەدەنە کۆمۆ.