راپۆرتی تایبەتگرنگترین

تۆڵەسەندنەوە؛ فیفا تووشی کێشەیەکی یاسایی گەورە دەبێتەوە و یاریزانان بە ملیارەها دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە

رێکخراوێکی هۆڵەندی داوای ناردنی بەڵگەنامە لە زیانبەرکەوتووان دەکات

Yariga App

یاریگا –

فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ تووشی کێشەیەکی یاسایی بووەتەوە، ئەمەش دوای بەرزکردنەوەی سکاڵایەک لەبارەی رێساکانی گواستنەوەی یاریزانان.

رێکخراوێکی نوێ بە ناوی دادپەروەری بۆ یاریزانان ‘Justice for Players’ کە بارەگای سەرەکی لە ئەمستردامە، سکاڵایەکی لەدژی فیفا بەرزکردووەتەوە و لەوانەیە تەواوی ئەو یاریزانانەی لە ئەوروپا و بەریتانیا یارییانکردووە، پاڵپشتی هەوڵەکانی بکەن.

رێکخراوە هۆڵەندییەکە لەڕێگەی دادگای دادی ئەوروپا هەوڵی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە دەدات، ئەمەش دوای بردنەوەی کەیسی لاسانا دیارا لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو.

دیارا، یاریزانی پێشووی چێڵسی، ئارسیناڵ و ریال مەدرید کەیسێکی یاسایی کە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ بەردەوام بوو، لە دژی فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکای بردەوە. دادگای دادی ئەوروپا لە کەیسەکە دووپاتیکردەوە، رێساکانی فیفا لەبارەی دۆخی گواستنەوەی یاریزانان (RSTP) دژی یاسای رکابەریی ئەوروپایە.

کەیسەکە چیبوو؟

لاسانا دیارا، یاریزانی نێودەوڵەتی فەڕەنسی

لە ساڵی 2014 فیفا بڕیاری سڕکردنی لاسانا دیارای بۆ ماوەی 15 مانگدا، هەروەها بەبڕی 10.5 ملیۆن یۆرۆ سزای داراییدا، کاتێک گرێبەستەکەی لەگەڵ لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆی رووسی پێشێلکرد.

دواتر لەماوەی سڕکردنیدا، رێگری لە دیارا کرا پەیوەندی بە شارلروای بەلجیکی بکات و سیستمی RSTP مۆڵەتی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە یاریزانەکە سەند. یاریزانان پێویستییان بەم مۆڵەتەیە تاوەکو پەیوەندی بە یانەیەکی دەرەکی بکات.

دیارا لە دادگای ناوبژیوانی وەرزشی تانەی لە بڕیارەکەدا، بەڵام نەیتوانی کەیسەکە یەکلاییبکاتەوە، بەڵکو تەنیا سزای دارایی کەمکردەوە، بەڵام دەستبەجێ لە دادگایەکی بەلجیکا سکاڵایەکی دیکەی بەرزکردەوە و لەکۆتاییدا کەیسەکە گەیشتە دادگای دادی ئەوروپا و کەیسەکەی یەکلاییکردەوە.

دوای یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە لە بەرژەوەندی دیارا، پرسیاری زۆر لەنێو نێوەندەکانی وەرزشی دروستبوو، بۆیە داوای قەرەبووی ملیارەها یۆرۆ لە فیفا دەکرێت، چونکە سەدان یاریزانی دیکە بەهۆی سیستمی گواستنەوەکانی فیفا زیانیان پێگەیشتووە.

سەرپەرشتیارانی رێکخراوە هۆڵەندییەکە پێیان وایە رێساکانی فیفا کاریگەری نەرێنی لەسەر مووچەی یاریزانانی پیشەگەر دروستکردووە، چونکە یاریزانان بەتەواوی مافی خۆیان بەکارنەهێناوە و ترسیان لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان هەبوو، بەڵام یانەکان چەندینجار گرێبەستی یاریزانانیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونکە دەیانزانی سیستمی گواستنەوەکان لە بەرژەوەندی یانەکانە.

بە شیکردنەوەی راپۆرتێکی تێروتەسەلی کۆمپانیای کۆمپاکس لێکسیکۆن، کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئابوورییە، رێکخراوە هۆڵەندییەکە پێی وایە، زیاتر لە 100 هەزار یاریزان نزیکەی 8%ی قازانجەکانیان بەهۆی یاساکانی فیفای ‘نایاسایی’ لەدەستداوە.

رێکخراوەکە لە دادگای شاری میدن نیدرلاندی هۆڵەندا سکاڵا لە دژی فیفا و فێدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتانی بەلجیکا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا بەرزدەکاتەوە، چونکە یاساکانی وڵاتەکە بۆ کەیسی بەکۆمەڵ گونجاون.

رێکخراوی دادپەروەری بۆ یاریزانان لە چەند پارێزەرێکی خاوەن ئەزموونی هۆڵەندی پێکدێن، لە سەرووی هەموویان لوسیا میلشیرتس، دۆڵف سیگار، فڕانکۆ پاڵدینی (راهێنەری پێشووتری تۆتنهام).

بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، رێکخراوەکە هەڵمەتی دژی فیفا و فێدراسیۆنەکانی دیکە دەستپێبکات و لەڕێگەی وێبسایتی فەرمی خۆیان (justiceforplayers.com) داوا لە هەموو زیانبەرکەوتووان و یاریزانان دەکەن، بە ئیمەیڵ بەڵگەنامەکانیان بنێرن.

تاوەکو ئێستا فیفا وەڵامی هەڵمەتی رێکخراوە هۆڵەندییەکەی نەداوەتەوە، بەڵام یەکێتیی یاریزانانی ئەوروپا ‘FIFPro Europe’ کە پاڵپشتی کەیسی دیارای دەکرد لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە؛

پاڵپشتی مافی یاریزانان دەکەین تاوەکو دادپەروەری زاڵ بێت، چونکە ئەمە بووەتە دیاردەیەکی روونی پیشەسازی وەرزش.

بابەتی زیاتر

Back to top button