ئیسپانیاگرنگترین

تێر شتیگن كێشە بۆ بارسێلۆنا درووستدەكات

Yariga App

یاریگا –

تێر شتیگن، گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی یانەكەی تووشی كێشەیەكی نوێ دەكات.

لە چەند رۆژی رابردوودا بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی یانەکەیان نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی لە بەشی خوارەوەی پشتی بۆ کراوە.


بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتێڤۆ، تێر شتیگن رەتیدەكاتەوە رێگە بە بارسێلۆنا بدات راپۆرتی پزیشكی دوای نەشتەرگەرییەكەی بۆ لالیگا بنێرێت و نایەوێت واژۆی لەسەر بكات.

بارسێلۆنا پێوویستی بەو واژۆكردنەی شتیگن هەیە تاوەكو پێكانەكەی بە درێژخایەن دابنرێت. ئەگەر واژۆی نەكات ئەوا ناتوانێت ناوی راشفۆرد، خوان گارسیا و روونی بەرداخچی لە لالیگا تۆمار بكات.

بارسا دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی دژی تێر شتیگن كردووەتەوە و لەوانەیە سزا بدرێت، بارسێلۆنا پێی وایە هەڵسوكەوتی گۆڵپارێزەكە زیان بە بەرژەوەندی یانەكە و یاریزانەكانی دیكە دەگەیەنێت.

شتیگن لە بەیاننامەیەكدا لە پلاتفۆرمەكانی خۆی ماوەی دووركەوتنەوەی لە یاریگاكان بە تەنیا 3 مانگ خەمڵاندووە، یانەكە پێی وایە كە ماوەی دووركەوتنەوەی دەگاتە 5 مانگ بەوەش رێگەی پێدەدرێت بەشێک لە مووچەكەی بۆ تۆماركردنی ناوی یاریزانەكانی دیكە بەكاربهێنێت. رێكنەكەوتن لەسەر ئەو خاڵە رێگری لە پلانەكانی یانەكە بۆ بەهێزكردنی پێكهاتەكەی دەكات.

بارسێلۆنا دەیەوێت لەسەر ئەم رووداوە لەگەڵ شتیگن قسە بكات، گۆڵپارێزەكە مافی یاسایی هەیە کە رەتیبكاتەوە زانیارییە پزیشکییەکانی خۆی هاوبەش بکات. بەڵام یانەكە پێی وایە پێوویستە پابەندی یاساكانی نێوانیان ببێت بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

یانە كاتالۆنییەكە لە مێركاتۆی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ گۆڵپارێز خوان گارسیا واژۆ كرد و وەک گۆڵپارێزی سەرەكی وەرزی داهاتوو دایانناوە و هەروەها گرێبەستی ڤۆیچیێخ چێزنی نوێكردەوە.

شتیگن هاوینی 2014 بەرامبەر 12 ملیۆن یۆرۆ لە بۆڕووسیا مونشنگلادباخی ئەڵمانییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە کرد و تاوەکو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ بلاوگرانا هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button