تەواو؛ رۆشتنی یاریزانێکی میلان راگەیەندرا

یاریگا –
یاریزانێکی دیکەی ئەیسی میلان ریزەکانی یانەکە جێدەهێڵێت و وێستگەی داهاتووشی ئاشکراکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ کە پشتی بە سەرچاوەیەکی وەک مارکای ئیسپانی بەستووە، لوکا یۆڤیچ ریزەکانی میلان جێدەهێڵێت.
ئەو یاریزانە سڕبیە سەرەتای دەرکەوتنی لە رێد ستار بەلگرادی وڵاتەکەی لە ساڵی 2014 و دواتر بەنفیکا و ئینتراخت فڕانکفورت، ئاماژەی درەوشانە و بە ئەستێرەبوونی دا، بەڵام هەرزوو تواناکانی رووی لە لاوازیی کرد بەتایبەت کاتێ لە 2019-2022 بەختی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید تاقیکردەوە و تێیدا سەرکەوتوو نەبوو. هەربۆیە نێردرایەوە بۆ یانە ئەڵمانییەکەی بەخواستن، پاشان فیورێنتینا و دوایین جاریش لە 2023-2025 درێسی رۆسۆنێری پۆشی.
وەک رۆمانۆ نووسیویەتی، هێرشبەرە 27 ساڵییەکە لەگەڵ ئایک ئاسینا گەیشتووەتە رێککەوتنی تەواوەتی و گرێبەستەکەی تا هاوینی 2027 دەخایەنێت و هەر ئەمڕۆش دەگاتە یانەکەی پایتەختی یۆنان بۆ تەواوکردنی بەشەکانی دیکەی گواستنەوەکە.
پێشتر دەنگۆ هەبوو یۆڤیچ لە رێگەی ریال ئۆڤیدۆ بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا کە یانەکە ئەم وەرزەی بێت لە لالیگا بەشدارە، بەڵام فابریزۆ رۆمانۆ تەواوی ئەو دەنگۆی رەتکردووەتەوە.
🚨🇬🇷 Luka Jović to AEK Athens, here we go! Deal in place until June 2027, all agreed.
Jović arrives today in Athens, wanted by director Ribalta — all done as @Marca reports.
It was never a done deal or even close with Oviedo despite reports. ❌ pic.twitter.com/VYzWezFAGQ
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) August 4, 2025