نیوکاسڵ پەیامێکی تووند ئاڕاستەی ئیزاک دەکات؛ چاوەڕێی هەڵسوکەوتی باش مەکە
پەیوەندی نێوان ئیزاک و نیوکاسڵ یونایتد پێدەنێتە دۆخێکی مەترسیدار

یاریگا –
نیوکاسڵ زۆر لە هەڵسوکەوتی ئالێکساندەر ئیزاک تووڕەیە و پەیامێکی توندی ئاڕاستەکراوە.
ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ یونایتد، هۆشدارییەکی توندی بە ئیزاک گەیاندووە و پێی گوتووە؛ نابێ یاریزانانی نیوکاسڵ یونایتد کرداری خراپ بکەن و دواتریش پێشبینی دەستپێکردنی مەشق بە شێوەیەکی ئاسایی بکەن.
هاو لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوورەوە لەڕێگەی رۆژنامەی دەیلی مەیڵەوە، پەیامەکەی ئاڕاستەی ئیزاک کرد و چاوەڕێی بەشداریکردنی لە مەشقەکان دەکات.
ئیزاک دەستەی راهێنەرایەتی و کارگێڕی نیوکاسڵی لە گەشتکردن ئیسپانیا و مەشقکردن لە دامەزراوەکانی ریال سۆسیداد ئاگادار نەکردبووەوە. ئەمەش دوای ئەوەی خۆی لە گەشتی یانەکە بۆ سینگاپوور و کۆریای باشوور دزییەوە، دوای زیادبوونی گرنگییەکانی لیڤەرپوول.
ئیزاک و بەڕێوەبەری کارەکانی دەیانەوێت نیوکاسڵ ناچار بە قبووڵکردنی ئۆفەری لیڤەرپوول بکەن. پێشبینیدەکرێت لیڤەرپوول ئۆفەرێکی دیکە پێشکەشی نیوکاسڵ بکات، ئەمەش دوای هەفتەی رابردوو ئۆفەرێکی 110 ملیۆن پاوەندی رەتکردبووەوە.
رۆژنامە بەریتانییەکە دووپاتیدەکاتەوە؛ تەنیا لە ئەگەری دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی ‘سوپەر’، ئینجا نیوکاسڵ رێگە بە چوونەدەرەوەی ئیزاک دەدات.
بەر لە گەڕانەوەی شاندی نیوکاسڵ بۆ ئینگلتەرا، راهێنەری نیوکاسڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، بە توندی بەرگری لە یانەکەی کرد و پەیامی توندی ئاڕاستەی ئیزاک کرد؛
هەموو یاریزانێک دەبێ شایستە بێت، ئینجا مەشق لەگەڵ ئێمە بکات.
ئێمە نیوکاسڵ یونایتدین. یاریزانەکە بەرپرسیارێتی ئامادەبوونی لەم پێکهاتەیە هەیە، دەبێ بەشێوازێکی دروست هەڵسوکەوت بکەیت، تاوەکو لێرە یاریی بکەیت.
دڵنیایی ئەوە دەدەین، هەر یاریزانێک شایستەی مەشقکردن لەگەڵ یاریزانانی دیکەی ئێمە نەبێت، ئەوا هیچ یاریزانێک با پێشبینی بەشداریکردن لە مەشقەکان نەکات، ئەگەر کرداری باش نەبێت.
هاو دووپاتیکردەوە، لەوەتەی گەڕانەوەی ئیزاک بۆ تاینساید ‘نیوکاسڵ’ قسەی لەگەڵ یاریزانە سویدییەکە نەکردووە و پێشبینی بەشداریکردن ل مەشقەکانی ئەم هەفتەیەش ناکات.
بەشداری مەشقەکانی ئەم هەفتەیە ناکات، چونکە پێویستە گفتوگۆی راشکاوانە بکرێت، بەر لەوەی مەشق لەگەڵ هاوڕێکانی دەستپێبکات، تەنانەت هیچ دڵنیاییەک لە ئامادەبوونی لە ناوەندی مەشقەکانی بێنتن نییە.
ئەگەر ئەمەش روویدا، واتە بە توندی مانی گرتووە.
بەدڵنیاییەوە حەز دەکەم ئیزاک لە مەشقەکان ئامادە بێت. ئێستا جیاوازییەکی زۆری کات لە نێوان ئێمە و ئیزاکدا هەیە، بۆیە هەندێ بەرپرسی دیکە لە نیوکاسڵ خەریکی مامەڵەکردنن لەگەڵ ئەم دۆخە.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، تەواوی ئاماژەکان بەرەو جێهێشتنی یانەکەن، بەڵام نیوکاسڵ تەنیا بە مەرجەکانی خۆی دەستبەرداری ئیزاک دەبێت؛ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی ‘سوپەر’ و ئۆفەرێکی 150 ملیۆن پاوەندی.
تاوەکو ئەم بەیانییە، نیوکاسڵ یونایتد چاوەڕێی وەڵامێکی روونی لایپزیگە لەبارەی بێنیامین شێشکۆ، بەڵام هیچ وەڵامێک نەگەیشتووە، چونکە مانچێستەر یونایتدیش لەسەرهێڵە.
نیوکاسڵ و لایپزیگ خەریکی گفتوگۆن لەسەر پێدانی 70 ملیۆن پاوەند، بەڵام هەردوو یانەکە چاوەڕێی رووناکی سەوزی شێشکۆن، تاوەکو خۆی لە نێوان نیوکاسڵ و مان یونایتد یەکلاییبکاتەوە.
ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.
ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.