ئێستا؛ چارەنووسی سەمیر بابۆ یەکلاییدەکرێتەوە
لەوانەیە چەند کاتژمێرێکی دیکە بڕیاری کۆتایی بدرێت..

یاریگا –
چارەنووسی سەمیر بابۆ، راهێنەر یانەی هەولێر یەکلاییدەکرێتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سەمیر بابۆ لەگەڵ ئەو لیژنە هونەرییەکەی کۆبووەتەوە کە لەلایەن دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر بۆ هێنانی یاریزانی نوێ و دیاریکردنی راهێنەر دەستنیشانکرابوو، بابۆ چەند مەرجێکی داوەتە دەستەی کارگێڕی یانەکە و لەوانەیە ئەمشەو وەڵامی یەکلاییکەرەوە بدرێتەوە.
یاریگا زانیویەتی، ئێستا لیژنە هونەرییەکە لە کۆبوونەوەدایە، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر هێشتنەوەی سەمیر بابۆ یاخود هێنانی راهێنەری نوێ بدرێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر دەیانەوێت سەمیر بابۆ وەک راهێنەری یانەکەی قەڵا و منارە بمێنێتەوە.
دوێنێ شەممە، لە دیوانی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ناوی سەفین یاسین بۆ دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراو زیادکرا و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامان، بە سەرۆکی نوێی یانەی پایتەخت هەڵبژێردرا.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای دەستبەرکاربوونی دەستەی نوێی کارگێڕی، رەوەز سەلام، گوتەبێژی یانەی هەولێر رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی یانەکە هێشتنەوەی سەمیر بابۆیە لە یانەکە.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاشکرایدەکات، سەمیر بابۆ زۆر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکە و تەنیا چەند وردەکارییەکی بچووک ماون و لەوانەیە ئێوارەی ئەمڕۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگەیێندرێت.
دوایین پەرەسەندن؛ کێ دەبێتە راهێنەر و جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر؟