ئینگلتەرا

درووستکردنی یاریگا نوێیەکەی مانچێستەر یونایتد هەڕەشەی دواخستنی لەسەرە

Yariga App

یاریگا –

پلانەکانی مانچێستەر یونایتد بۆ دروستکردنی یاریگایەکی نوێ بە بڕی دوو ملیار پاوەند وەستێندرا.

شەیتانە سوورەکان هیوادارن یاریگایەکی نوێ کە بتوانێت 100 هەزار هاندەر لەخۆ بگرێت لە تەنیشت یاریگاکەی ئێستایان ئۆڵدترافۆرد دروست بکات، لە شوێنێک کە سێر جیم راتکلیف بە “وێمبڵی باکوور” ناوی دەهێنێت. بەڵام جێبەجێکردنی تەواوی پڕۆژەکە پەیوەستە بە کڕینی ئەو زەویانەی کە ئێستا وەک تێرمیناڵی بارهەڵگری شەمەندەفەر بەکاردەهێنرێن.

دانوستانەکان لەگەڵ کۆمپانیای فرایتلاینەر کە خاوەنی تێرمیناڵەکەیە دەستی پێکردووە، بەڵام بەهۆی کێشەی نرخەکانەوە وەستێندرا. کۆمپانیاکە کە ئامادەیە تێرمیناڵەکە بگوازێتەوە بۆ سانت هێلێنس، داوای 400 ملیۆن پاوەند دەکات، لەکاتێکدا یونایتد بەهای زەوییەکە لە نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن پاوەند خەمڵاندبوو.

سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاند، کۆمپانیای فرایتلاینەر مانچێستەر یونایتدی خستووەتە کێشەوە، ئێستا بژاردەکانی یونایتد ئەوەیە کە داواکارییەکەی زیاد بکات، چاوەڕێی ئەوە بکات کۆمپانیاکە نرخەکەی دابەزێنێت یان پڕۆژەکە بچووک بکاتەوە بۆ ئەوەی چیتر پێویستی بە زەوی تێرمیناڵەکە نەبێت.

یونایتد ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی 2030 یاریگا نوێیەکەی ئامادە بێت، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا بیناسازییەکە دەستپێبکەن، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ کۆمپانیای فرێیتلاینەر بەو مانایەیە کە دەبێت پێداچوونەوە بە پڕۆژەکەدا بکرێت.
یانەکە کۆی تێچووی پڕۆژەی یاریگاکە بە 4.2 ملیار پاوەند مەزەندە کردووە، لەو بڕە دوو ملیار پاوەند بۆ خودی یاریگاکە دەبێت. بڕیارە ئەم پڕۆژەیە ساڵانە یەک ملیۆن و 800 هەزار سەردانکەر بۆ خۆی رابکێشێت و 92 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت.
بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تێچووی دروستکردنی یاریگاکە دەتوانێت بگاتە سێ ملیار پاوەند و تێچووی پڕۆژەکەش بە خێرایی بەرز دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button