ئه‌ڵمانیائینگلتەراگرنگترین

یانەیەکی پرێمەرلیگ خەریکە شێشکۆ لە چنگی نیوکاسڵ دەردەهێنێت

دوایین زانیاری لەبارەی چارەنووسی شێشکۆ و ئیزاک ئاشکرا دەبێت

Yariga App

یاریگا –

نیوکاسڵ یونایتد واز لە گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ، ئەستێرەی لایپزیگ ناهێنێت.

دوای رەتکردنەوەی یەکەم ئۆفەر بەبڕی 75+5 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن لایپزیگەوە، ئێستا یانەکەی پرێمەرلیگ ئامادەکاری بۆ ئۆفەرێکی نوێ دەکات، تاوەکو یانە ئەڵمانییەکە بە دەستبەرداربوون لە تواناکانی هێرشبەرە سلۆڤینییەکە رازیبکات.

مانچێستەر یونایتد یەکێکە لە رکابەرانی نیوکاسڵ یونایتد. بێن جەیکوبس، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆی یاریزانان دووپاتیدەکاتەوە، دوێنێ شەممە، مان یونایتد گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ لایپزیگ کردووە، بەڵام هەردوو لایەن چاوەڕێی رەزامەندی شێشکۆن، تاوەکو گفتوگۆکان بەفەرمی دەستپێبکەن.

نیوکاسڵ یونایتد دەیەوێت بەخێرایی دووەم ئۆفەر ئامادە بکات، چونکە مانچێستەر یونایتد لە گواستنەوەی شێشکۆ جیدییە و نیوکاسڵ باش لەمە تێگەیشتووە.

تاوەکو ئێستا مانچێستەر یونایتد هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەشی لایپزیگ نەکردووە، ئەمەش پەیوەستە بە پەرەسەندنەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی نێوان شێشکۆ و نیوکاسڵ.

نیوکاسڵ یونایتد ترسی لەدەستدانی ئالێکساندەر ئیزاکی هەیە، چونکە یاریزانە سویدییەکە بەفەرمی داوای چوونە دەرەوەی لە یانەکە کردووە و لیڤەرپوول نزیکترین یانەیە لەو ئەستێرە سویدییەکە.

ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.

ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.

دوایین لێدوانەکان لەبارەی ئیزاک چیین؟

ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ ئەمڕۆ شەممە لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکەیان بەرامبەر تۆتنهام لە سیۆل، پایتەختی کۆریای باشوور بەمشێوەیە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد؛

بە تەواوی لەم دۆخەی ئێستا لە نیوکاسڵ روودەدات ئاگادار نیم. ئاگادارکرامەوە دوێنێ هەینی ئۆفەرێکی فەرمی هەبوو، بەڵام پێیان راگەیاندم کە رەتکرایەوە.

بەشێک لە ئەندامانی یانەکە گەڕاونەتەوە ئینگلتەرا و مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن. بەڕاستی نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام بۆچوونی ئێمە مانەوەی ئیزاکە بە هەموو شێوەیەک. هیوادارم جارێکی دیکە بە درێسی نیوکاسڵ بیبینمەوە.

ئانتۆنی گۆردن، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد بۆ یەکەمجار باسی شکستهێنانی گواستنەوەی لە هاوینی رابردوو بۆ لیڤەرپوول دەکات.

خەریکە سیناریۆیەکی هاوشێوە دروستدەبێت، لیڤەرپوول ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک پێشکەشی نیوکاسڵ کرد و دەستبەجێ رەتکرایەوە، گۆردن سۆزێکی زۆری بۆ ئیزاک لەم دۆخەدا هەیە.

گۆردن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی نیوکاسڵ کڕۆنیکڵ دەڵێت؛

بەلای منەوە بڕیارێکی زۆر سەختبوو، چونکە خەریکی یۆرۆ بووم، کە شتێکی زۆر گەورەبوو بەلای من و ماڵباتەکەم، چونکە بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد و یاریم نەکرد.

لەڕووی داراییەوە، پێموابوو نیوکاسڵ ناچار بە دەستبەرداربوونم دەبێت، ئەمەش بەهۆی یاساکانی یاریی خاوێن.

بەڵام لە کۆتاییدا گواستنەوەکە رووینەدا و دەبووایە لە سەرەتاوە لە بابەتەکە تێبگەم. بەڕاستی وەکو مرۆڤێک زۆر ئەستەم بوو و بەردەوام بیرم لێدەکردەوە.

بابەتەکە زۆر قورسە، بۆیە تەواو لە دۆخی ئێستای ئیزاک تێدەگەم. خەڵک لەبیر دەکات کە یاریزانیش مرۆڤە و بە دۆخی جیاواز تێدەپەڕێت.

هیوادارم لە کۆتاییدا هەموو کەسێک بگات بەو شتەی دەیەوێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button