
یاریگا –
دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر خەریکن بەخێرایی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن.
دوێنێ شەممە، لە دیوانی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ناوی سەفین یاسین بۆ دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراو زیادکرا و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامان، بە سەرۆکی نوێی یانەی پایتەخت هەڵبژێردرا.

هەر ئێوارەی دوێنێ شەممە، دەستەی کارگێڕی نوێ بە سەرۆکایەتی سەفین یاسین، یەکەم کۆبوونەوەی کرد و کۆمەڵێک بابەتی هەنووکەیی تاوتوێکرد.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ناوی پشتیوان شەبیب، یەکێک لە ئەفسانەکانی یانەکە و مەحموود عەزیز، ئەندامی پێشووتری دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بۆ دەستەی کارگێڕی ئێستا زیاد دەکرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دووپاتیدەکاتەوە؛ تاوەکو ساتی نووسینی ئەم بابەتە، بڕیارە پشتیوان شەبیب بکرێتە جێگری سەرۆکی یانە و لە ئەگەری بوونی دوو جێگر، ئەوا سەفین کانەبی، دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆک یانە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت روونیکردووەتەوە، بڕیاردراوە مەحموود عەزیز بکرێتە سکرتێری یانە و ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانی دەستبەکاربوونیان دەردەکرێت.
کێ دەبێتە راهێنەر؟
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای دەستبەرکاربوونی دەستەی نوێی کارگێڕی، رەوەز سەلام، گوتەبێژی یانەی هەولێر رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی یانەکە هێشتنەوەی سەمیر بابۆیە لە یانەکە.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاشکرایدەکات، سەمیر بابۆ زۆر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نزیکە و تەنیا چەند وردەکارییەکی بچووک ماون و لەوانەیە ئێوارەی ئەمڕۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگەیێندرێت.