دوایین پەرەسەندن؛ یانەیەكی نوێ هەوڵی گواستنەوەی داروین نونێز دەدات

یاریگا –
داروین نونێز، ئەستێرەی ئوروگوای یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی یەكێكە لە هێرشبەرە داواكراوەكانی مێركاتۆی هاوینە و چەند یانەیەک بۆ بەدەستهێنانی واژۆی یاریزانەكە لەسەر هێڵن.
نونێز لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی بێنفیكاوە بە بەهای 85 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە كرد و تاوەكو هاوینی 2028 گرێبەستی لەگەڵ رێدز هەیە.
هێرشبەرە ئوروگوایییەكە لەو كاتەوەی پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە كردووە نەیتوانیووە جێگای خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی یۆرگن كڵۆپ و ئارنە سڵۆت بكاتەوە و لە دوای گواستنەوەی هوگۆ ئێكیتیكی و هەوڵەكانیان بۆ گواستنەوەی ئالێكساندەر ئیزاک پێشبینی دەكرێت لە مێركاتۆی هاوینەدا ئانفیڵد جێبهێڵێت.
🚨 AC Milan are in talks with Liverpool striker Darwin Núñez over a move to the San Siro but face competition from Saudi Arabian club Al-Hilal.
(Source: Sky Sports Italia) pic.twitter.com/NK7DLhRm1G
— Transfer News Live (@DeadlineDayLive) August 3, 2025
بە گوێرەی زانیارییەكانی سكای سپۆرتس، ئەیسی میلان هەوڵی گواستنەوەی داروین نونێز دەدات و قسەیان لەگەڵ هێرشبەرە ئوروگواییەكە كردووە.
میلان بە جیدی چووەتە نێو كێبڕكێی بەدەستهێنانی واژۆی نونێز و دەیانەوێت هێرشبەرێكی سەرەڕم بۆ ماسیمیلیانۆ ئالێگری بگوازنەوە، جیا لە داروین نونێز هەریەک لە ڤلاهۆڤیچ و راسموس هۆیلوند لە لیستەكەدان و راهێنەرەكەی میلان نونێز بە بژاردە گونجاوەكە دەزانێت.
هەروەها هیلال لە گفتوگۆكانی بۆ گواستنەوەی داروین نونێز بەردەوامن و تاوەكو ئێستا هیچ ئۆفەرێكی فەرمیان بۆ گواستنەوەی پێشكەش نەكردووە بەڵام بە وردی چاودێری بارودۆخەكە دەكەن.
نونێز لەگەڵ لیڤەرپوول بەشداری 143 یارییكردووە و توانیویەتی 40گۆڵ بكات و 26 گۆڵیش درووست بكات.