عێراقگرنگترین

سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر یەکلاییکرایەوە

پارێزگاری هەولێر تەواوی بڕیارەکانی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر ئاشکرا دەکات

Yariga App

یاریگا –

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پرێس کۆنفڕانسێکدا وردەکاری چارەسەرکردنی کێشەی یانەی هەولێری ئاشکرا کرد.

پارێزگاری هەولێر دووپاتیکردەوە، لە ئەمڕۆوە لاپەڕەیەکی نوێ لە یانەی هەولێر دەکرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پاڵپشتی یانەکە دەکات.

ئومێد خۆشناو جەختیکردەوە، ناوی سەفین یاسین، کەسایەتی دیاریی شاری هەولێر بەکۆی دەنگی دەستەی هەڵبژێردراو، دەبێتە سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر و ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت.

لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی کارگێڕی یانەکە، ئومێد خۆشناو روونیکردەوە، پلانێکی تۆکمە دانراوە و ئەمڕۆ لیژنەیەکی هونەری بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەر و گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەستبەکاردەبێت و لەلایەکی دیکەشەوە، لیژنەیەکی دارایی بۆ رێکخستنەوەی داهات و تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ دەستبەرکاردەبێت.

ئیرادەیەکی بەهێز بۆ دانەوەی قەرزەکانی و باشترکردنی دۆخی دارایی یانەی هەولێر هەیە. پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یانەی هەولێر بەردەوام دەبێت.

لە چەند ساڵی رابردوو بە سەدان ملیۆن دینار پاڵپشتی یانەی هەولێر کراوە.

سەفین یاسین، سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە، هەموو هەوڵێک بۆ بەرەوپێشچوونی یانەی هەولێر دەدرێت.

داوا لە دەستەڵاتدار و دەوڵەمەندان دەکەین، بە هەر شێوەیەک بێت یارمەتی یانەی هەولێر بدەن، تاوەکو جارێکی دیکە یانەکە بگەڕێندرێتەوە نێو ناوە گەورەکان.

سەفین کانەبی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراوی یانەکە دووپاتیکردەوە؛

توانای وەرگرتی پۆستی سەرۆکایەتی یانەی هەولێرم نەبوو، پێشتریش داوام لە بەڕێز پارێزگای هەولێر کردبوو کە کەسایەتییەکی دیکە دەستنیشان بکەن و خۆم کاک سەفین یاسینم بەلاوە گونجاوە بۆ سەرکردایەتیکردنی چاپتەری نوێی یانەکەی قەڵا و منارە.

چی روویدابوو؟

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر کرا و شەش ئەندام هەڵبژێردران و دواتر دووانیان دەستیان لەکارکێشایەوە، ئێستا یانەکە لە نێوان بەرداشی دەستە هەڵبژێردراوەکە و دروستکردنی دەستەیەکی کاتی دیکەدایە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئێستا تەنیا شەش یاریزان لە یانەی هەولێر ماون و پەیوەستن بە یانەکەی پایتەخت، یاریزانەکانیش بریتین لە؛ گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هیدایەت لەتیف، مستەفا قابیل، موئەیەد سەفا و هەڵگورد قەیس.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی هەولێر نزیکەی 700 ملیۆن دینار قەرزاری یاریزانەکانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، ئەگەر لە زووترین کاتدا ئەم شایستە داراییانە بە یاریزانەکان نەدرێت، مۆڵەتی بەشداریکردن (تەراخیس) بە یانەی هەولێر نادرێت و ناتوانێت بەشداریی وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو یانەی هەولێر زانیویەتی، سێ سکاڵا لەسەر هەولێر تۆمارکراون، یاریزانەکان بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵایەکیان لەسەر یانەکە تۆمارکردووە و لە فیفاش دوو سکاڵا لەسەر یانەکەی قەڵاومنارە تۆمارکراوە و تاوەکو ئێستا هەر سێ سکاڵایەکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و مەترسی سزادرانی هەولێر هەیە.

یانەی هەولێر ساڵی 1968 دامەزراوە و پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق و دوو جاریش پلەی دووەمی لە جامی یەکێتیی ئاسیا بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button