زۆر ماندووو؛ ئەستێرەیەکی نیوکاسڵ باسی دۆخی ئێستای ئیزاک دەکات
پێناچێت کێشەی ئیزاک بە ئاسانی چارەسەر ببێت

یاریگا –
ئانتۆنی گۆردن، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد بۆ یەکەمجار باسی شکستهێنانی گواستنەوەی لە هاوینی رابردوو بۆ لیڤەرپوول دەکات.
لە مێرکاتۆی هاوینەی رابردوودا، گۆردن یەکێکبوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی لیڤەرپوول، بەڵام لە کۆتاییدا گواستنەوەکە شکستیهێنا.
خەریکە سیناریۆیەکی هاوشێوە دروستدەبێت، لیڤەرپوول ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک پێشکەشی نیوکاسڵ کرد و دەستبەجێ رەتکرایەوە، گۆردن سۆزێکی زۆری بۆ ئیزاک لەم دۆخەدا هەیە.
گۆردن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی نیوکاسڵ کڕۆنیکڵ دەڵێت؛
بەلای منەوە بڕیارێکی زۆر سەختبوو، چونکە خەریکی یۆرۆ بووم، کە شتێکی زۆر گەورەبوو بەلای من و ماڵباتەکەم، چونکە بەشداریم لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد و یاریم نەکرد.
لەڕووی داراییەوە، پێموابوو نیوکاسڵ ناچار بە دەستبەرداربوونم دەبێت، ئەمەش بەهۆی یاساکانی یاریی خاوێن.
بەڵام لە کۆتاییدا گواستنەوەکە رووینەدا و دەبووایە لە سەرەتاوە لە بابەتەکە تێبگەم. بەڕاستی وەکو مرۆڤێک زۆر ئەستەم بوو و بەردەوام بیرم لێدەکردەوە.
بابەتەکە زۆر قورسە، بۆیە تەواو لە دۆخی ئێستای ئیزاک تێدەگەم. خەڵک لەبیر دەکات کە یاریزانیش مرۆڤە و بە دۆخی جیاواز تێدەپەڕێت.
هیوادارم لە کۆتاییدا هەموو کەسێک بگات بەو شتەی دەیەوێت.
رای راهێنەری نیوکاسڵ چییە؟
ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ ئەمڕۆ شەممە لە پرێس کۆنفڕانسی پێش یارییەکەیان بەرامبەر تۆتنهام لە سیۆل، پایتەختی کۆریای باشوور بەمشێوەیە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد؛
بە تەواوی لەم دۆخەی ئێستا لە نیوکاسڵ روودەدات ئاگادار نیم. ئاگادارکرامەوە دوێنێ هەینی ئۆفەرێکی فەرمی هەبوو، بەڵام پێیان راگەیاندم کە رەتکرایەوە.
بەشێک لە ئەندامانی یانەکە گەڕاونەتەوە ئینگلتەرا و مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن. بەڕاستی نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام بۆچوونی ئێمە مانەوەی ئیزاکە بە هەموو شێوەیەک. هیوادارم جارێکی دیکە بە درێسی نیوکاسڵ بیبینمەوە.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک لەبارەی؛ ئایا ئیزاک رەزامەندی یانەکەی وەرگرتووە، تاوەکو لە ریال سۆسیداد مەشق بکات، هاو دەڵێت؛
منیش لەڕێگەی میدیاکانەوە زانیاریم لەبارەی شوێنی مەشقەکانی زانیوە. بۆیە ناتوانم بچمە نێو هیچ وردەکارییەکەوە. ئێستا دۆخەکە بەهیچ شێوەیەک ناوازە نییە و زۆر ئاڵۆزە. ناتوانم زیاتر لەمە هیچ بڵێم.
ئیزاک لە هاوینی 2022 لە ریزەكانی ریال سۆسێدادەوە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2028 گرێبەستی لەگەڵ نیوكاسڵ هەیە، بەهای ئێستای هێرشبەرە 25 ساڵانەكە لە بۆرسەی یاریزانان 120 ملیۆن یۆرۆیە.
ئیزاک لەگەڵ نیوكاسڵ 109 یارییكردووە و 62 گۆڵیكردووە و 11 گۆڵیشی درووستكردووە.