
یاریگا –
داواکاری گشتی ئیسپانیا داوای زیندانیکردنی بەرگریکارێکی ریال مەدرید دەکات.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆییەکی ‘سێکسی’ی ئاسێنسیۆ لەگەڵ کچێکی ژێر 18 ساڵ، داواکاری گشتی داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکات و ئەگەری زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو هەیە.
داواکاری گشتی ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە، دوو یاریزانی لاوی ریال مەدرید، سێکسیان بە رەزامەندی هەردوولا لەگەڵ کچێکی خۆناسیو ‘باڵخ’ و کچێکی هەرزەکاری ژێر 18 ساڵ کردووە، بەڵام بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی دوو کچەکە، وێنە و ڤیدیۆییان گرتبوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکان بێت، ئاسێنسیۆ بەشداری پڕۆسەی ‘جووتبوون’ی نەکردووە، بەڵام داوای بینینی ڤیدیۆکانی کردووە و دواتر ڤیدیۆکانی پیشانی هاوڕێیەکی خۆی داوە، ئەمەش دوو تاوانی دژی تایبەتمەندی کەسین و بەگوێرەی مادەی 77ی لە یاسای تاوانکاری، سزادەدرێت.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە؛
گوایە هەردوو قوربانییەکە بە لێکەوتەکان و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و وێنەکانیان شۆکبوون و کێشەی دەروونیان بۆ دروستبوو و داوای 5000 یۆرۆیان لە ئاسێنسیۆ کردووە. داواکاری گشتی داوای زیندانیکردنی سێ پیاوی دیکەی کردووە.
ئاسێنسیۆ لە وەرزی رابردوودا، وەکو یاریزانێکی سەرەکی ریال مەدرید دەرکەوت و ئێستا لەگەڵ سێ یاریزانی پێشووی تیمی لاوانی ریال مەدرید رووبەڕووی یاسا بوونەتەوە.
رووداوەکە لە یانەیەکی کەنار دەریای دوورکەی کەناری لە ساڵی 2023 روویداوە. هەریەکە لە یاریزانان فێران رویز، خوان رۆدریگێز و ئاندرێس گارسیا لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2023 دەستگیرکران، دواتر ئاسێنسیۆ وەکو شایەتحاڵ بانگی پۆلیس کرا و دواتر بووە بەشێک لە کەرەستەکانی لێکۆڵینەوە.
لە کاتی لێکۆڵینەوەکان، ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکدا باسی رووداوەکەی کرد و نووسیبووی؛
یاریزانێکی کاستییا و سێ یاریزانی ریال مەدرید C، بەشدارییان لە لێکۆڵینەوەیەکی پاسەوانانی مەدەنی ئیسپانیا کردووە، لێکۆڵینەوەکە پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆییەکی تایبەت لە واتسئاپ هەیە.
هەرکاتێک زانیاری ورد و دروستمان پێبگات، رێکاری پێویست و گونجاو دەگرینەبەر.
لە فێبرایەر/شوباتی رابردوودا، دادگایەکی ئیسپانیا تانەیەکی پێشکەشکراو لەلایەن ئاسێنسیۆی بۆ پاشخستنی کەیسەکە بە کاتی رەتکردەوە.
بەگوێرەی چەند بەڵگەیەکی نێو دادگا، یەکێک لە کچەکان لە کاتی رووداوەکە تەمەنی لە ژێر 16 ساڵدا بوو. تیمەکەی ئاسێنسیۆ زۆر لە بێبەریبوونی یاریزانەکە دڵنیان و پێیان وایە لە کۆتاییدا دادپەروەری سەردەکەوێت.
دادگایەکی مەدرید لە ئایار/مایسی رابردوودا بە فەرمی تۆمەتەکەی بەرگریکاری ریال مەدریدی یەکلاییکردەوە؛
تەنیا یەک تۆمەت ئاڕاستەی ئاسێنسیۆ کراوە، ئەویش بەشداریکردنە لە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی سێکسی کچێکی ژێر 18 ساڵ.
ئاسێنسیۆ هەر زوو بە بەیاننامەیەک وەڵامی تۆمەتەکەی دایەوە؛
هەرگیز بەشداریم لە پێشێلکردنی تایبەتمەندی ئازادی سێکسی هیچ ئافرەتێک نەکردووە، چ جای کچێکی نا کامڵ ‘ژێر 18 ساڵ’.
بەلای منەوە بڕیارەکەی دادگا لەوانەیە تەنیا لە سەیرکردنی کاتیی وێنەکان لەلایەن کەسی سێیەم تەسک ببێتەوە، بەبێ ئەوەی تۆمەتی بەشداریکردن لە جووتبوونەکە یاخود تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەکە بگرێتەوە.
ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەم کراون هەمووی کاتین، بۆیە بە تەواوی بێتاوانم، هەر کاتێک تۆمەتەکەم بە فەرمی ئاڕاستە بکرێت یاخود بە زارەکی پێم بگوترێت، ئەوا لە بەرگریکردن لە خۆم لە دادگا و دامەزراوەکانی دادوەری بەردەوام دەبم.
متمانەیەکی زۆرم بەخۆمەوە و هەرگیز بەشداری هیچ هەڵسوکەوتێکی تاوانکارانەم نەکردووە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کەیسەکە، لە چەندین یارییدا، هاندەران هوتافیان لە دژی ئاسێنسیۆ دەگوتەوە، بەڵام کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید رەتیکردەوە یاریزانەکە لە تیمی یەکەم دووربخاتەوە.
ئاسێنسیۆ لە وەرزی رابردوودا، بەهۆی پێکانی ئیدێر میلیتاو و دانی کارڤاخال، بەشداری لە 41 یاریدا کرد و یەکەم یاریی فەرمیشی لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بوو.
ئاسێنسیۆ لە مارس/ئاداری رابردوودا، بۆ یەکەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کرا و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک، ریال مەدرید گرێبەستی ئاسێنسیۆی تاوەکو ساڵی 2031 نوێکردووەتەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کردووەتە یەک ملیار یۆرۆ.