فەرمی؛ زەوڕا گرێبەستەکەی ئاکام هاشمی راگەیاند

یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی یانەی زەوڕا گرێبەستی ئاکام هاشم، بەرگریکاری کوردی راگەیاند.
یانەی بەفەرمی رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ ئاکام هاشم، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی پێشووی یانەکانی شوڕتە و هەولێر واژۆ کردووە و ئاکام وەرزی داهاتوو درێسی نەورەسەکانی بەغدا دەپۆشێت.
زەوڕا ئاماژەی بەوەش کردووە گرێبەستەکە لە پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی حەیدەر شەنشول سەرۆکی یانەی زەورا واژۆ کراوە، هەروەها یانەکە ئاشکرایکردووە گرێبەستەکەی ئاکام هاشم لەسەر داوای عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری نوێی یانەکە بووە و بڕوای وایە لە وەرزی نوێ ئاکام سودێکی زۆری بۆ تیپەکەی دەبێت.
عەبدولغەنی شەهد راهێنەری پێشووی زاخۆ ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیەی بۆ وەرزی داهاتوو گرتووەتە ئەستۆ و یانەکە چەند گرێبەستێکی گەورەی کردووە.
بەرگریکارە 26 ساڵانەک هاوینی 2024 لە هەولێرەوە پەیوەندی بە ریزەکانی شوڕتە کرد، وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەگەڵ شوڕتە بەدەستهێنا، کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 38 یاری بە درێسی شوڕتە کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو بەرگریکارە کوردە 500 هەزار یۆرۆیە.