تایبەت بە یاریگا؛ ئاکام هاشم شوڕتە بەجێدەهێڵێت
لە چوونی بۆ زەوڕا نزیکبووەتەوە

یاریگا –
ئاکام هاشم خۆی یەکلایی کردووەتەوە و ریزەکانی شوڕتە بەجێدەهێڵێت و یانەی داهاتووی دەستنیشان کردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئاکام هاشم بەرگریکاری کوردی هەڵبژاردەی عێراق ریزەکانی یانەی شوڕتە بەجێدەهێڵێت، کە دوێنێ چوارشەممە 30ـی یۆلیۆ/تەممووزی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە سەوزپۆشەکەی بەغدا کۆتایی هات و وەرزێک بە درێسی قیسارە یاریی کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئاکام هاشم بڕیاریداوە شوڕتە بەجێبهێڵێت و لەگەڵ زەوڕا لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکە و بۆ وەرزی داهاتوو لە پۆشینی درێسی ئەو یانەیە نزیکە، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو گرێبەستەکە یەکلایی دەبێتەوە و چەند وردەکارییەک لە نێوان هەردوولا ماوە، کە پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاندبوو ئەم هەفتەیە چارەنووسی ئەو ئەستێرە کوردە یەکلایی دەبێتەوە.
عەبدولغەنی شەهد راهێنەری پێشووی زاخۆ ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیەی بۆ وەرزی داهاتوو گرتووەتە ئەستۆ و یانەکە چەند گرێبەستێکی گەورەی کردووە.
بەرگریکارە 26 ساڵانەک هاوینی 2024 لە هەولێرەوە پەیوەندی بە ریزەکانی شوڕتە کرد، وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی لەگەڵ شوڕتە بەدەستهێنا، کە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 38 یاری بە درێسی شوڕتە کردووە و ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو بەرگریکارە کوردە 500 هەزار یۆرۆیە.