لەبارەی داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر موژدە بە مەدریدییەکان دەدرێت
پەیوەندی نێوان سەرۆک و جونیۆر زۆر پتەوە..

یاریگا –
ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەڕازیلی بیری لە جێهێشتنی ریال مەدرید نەکردووەتەوە و دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی ئاس دوایین پەرەسەندنی لەبارەی گرێبستەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر لەگەڵ ریال مەدرید بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە ڤینی هەرگیز بیری لە جێهێشتنی ریال مەدرید نەکردووەتەوە، لە یانەکە دڵخۆشە و بڕوای وایە مەدرید باشترین شوێنە بۆ نووسینەوەی مێژوو.
هاوکات فلۆرێنتینۆ پێرێز رێزێکی زۆری ڤینیسیۆس دەگرێت و خۆشی دەوێت، بێگومان تەنیا لەبەر ئەوە نا کە دوو نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ یانەکە یەکلاییکردووەتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەر لە تەمەنی 18 ساڵییەوە خۆشەویستییەکی بێ مەرجی بۆ یانەکە هەبووە و پەیوەندی نێوان سەرۆک و یاریزانەکە پتەوە.
📰 Aquí está la #PortadAS del 31 de julio
🔥 Vini-Madrid a fuego lento pic.twitter.com/OOSngmERPH
— Diario AS (@diarioas) July 30, 2025
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، نوێکرانەوەی گرێبەستی جونیۆر لە مەترسیدا نییە، بەڵام کاتێکی زۆر دەخایەنێت و هەردوولا پەلە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ناکەن چونکە هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکە ماوە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڤینی ئۆفەرە زەبەلاحەکەی سعوودیەکانی رەتکردووەتەوە، بۆیە مەترسی لەسەر نوێکرانەوەی گرێبەستەکە نەماوە، بە ئەگەرێکی زۆر مێرێنگی و ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە 2026 گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە دەستپێدەکەنەوە.
ریال مەدرید دڵنیایە دۆزینەوەی کەسێک بۆ شوێنی ڤینی ئەستەمە، تەنانەت ئەگەر یاریزانێی گونجاویش هەبێت نرخەکەی خەیاڵی دەبێت، بۆیە نایانەوێت لەدەستی بدەن، هاوکات پەیوەندی جونیۆر لەگەڵ ئێمباپێ نموونەییە و بەردەوام هاوکاری ئەستێرە فەڕەنسییەکە دەکات، ریال مەدرید بە گیانی هاوکاری جونیۆر دڵخۆشە و متمانەی تەواوی بە یاریزانەکە هەیە.

خودی ئەستێرە 25 ساڵانییەکەش هەرگیز بیری لە جێهێشتنی ریال مەدرید نەکردووەتەوە، چونکە بڕوای وایە یانەکە لەبارترین ژینگەی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت و نووسینەوەی مێژوویەیکی زێڕین هەیە.
ڤینیسیۆس جونیۆر لە هاوینی 2018 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە فلامینگۆی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە و بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 170 ملیۆن یۆرۆیە، لە 2023 گرێبەستەکەی تاوەکو 2027 نوێکردووەتەوە.
بە درێسی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشداریی 322 یاریی کردووە، 106 گۆڵی کردووە و 86 گۆڵی دروستکردووە.
دوو نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، دوو سوپەری ئەوروپا، دوو جامی جیهانی یانەکان، یەک جامی کیشوەرەکان، دوو سوپەری ئیسپانیا و یەک نازناوی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە.