
یاریگا –
ئیناکی و نیکۆ ویلیامس یاریزانانی ئاتلێتیک بیلباو بە تۆمەتی ساختەکاری لە کڕینی ئۆتۆمبێلێکی لوکسدا رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
پێگەی ئێل کۆنفیدێنشیال ئاشکرای کردووە کە، ئیناکی و نیکۆ لە 26ی یەنایەر/کانوونی دووەمی 2026 لەبەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی ژمارە 2ی شاری ئەڤیس (ناڤارا) وەک تۆمەتبار ئامادە دەبن، کە تۆمەتبارن بە ساختەکاری و بەکارهێنانی نایاسایی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس AMG E63 کە بەهای نزیکەی 80 هەزار یۆرۆیە.
کۆمپانیای Omnigestion 24 کە بریکاری ئۆتۆمبێلە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە برایانی ویلیامس ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی پارە بدەن یان قەرەبووی بکەنەوە، بە پلانی پێشوەختە و بە مەبەستی فێڵکردن.
بەگوێڕەی سکاڵاکە، ئیناکی و نیکۆ لەڕێگەی ناوەندێکەوە لەگەڵ کۆمپانیاکە دانوستانیان کردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس CLA45 کە خاوەنی بوون بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس AMG E63 بگۆڕنەوە. بەڵام لەبری ئەوەی ئاڵوگۆڕەکە بە یاسایی بکەن، لە رێگەی خزمێکی خۆیان بە ناوی ماری پرینسی فریپوما کە باری دارایی باش نەبووە، رێکەوتنێکی نایاساییان کردووە بۆ ئەوەی وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکە لە لایەن کۆمپانیاکەوە قورس بێت.

لە سکاڵاکەدا هاتووە کە ئەم کارە بە ئامانجی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکە بۆ لایەنی سێیەم کراوە. کۆمپانیاکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دوو برایە سوودیان لەمتمانەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە وەرگرتووە، ئاڵوگۆڕیان بە ئۆتۆمبێلەکە نەکردووە و هیچ بڕە پارەیەکیشیان نەداوە.
دوای بەناو کردنی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلە نوێیەکە بۆ خزمێکی نزیکیان، رایانگەیاند کە گۆڕینی ناو و گەیاندنی ئۆتۆمبێلەکە چەند رۆژێکی پێدەچێت، بەڵام دواتر پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکە پچڕاند و هیچ ئاڵوگۆڕێک و پارەیەک نەدرا.
دادوەری دۆسیەکە، ئامایا مۆریا، فەرمانی بە وەزارەتی هاتوچۆ کردووە کە راپۆرت لەسەر خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکان پێشکەش بکات و رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە هاتوچوی ئۆتۆمبێلی مێرسیدس AMG E63 دەرکردووە. ئەم دۆسیەیە برایانی ویلیامس تۆمەتبار دەکات بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی ئۆتۆمبێلێکی بەنرخیان لەڕێگەی فێڵ و پێشێلکردنی متمانەوە بەدەستهێناوە.