کورتترین و سەیروسەمەرەترین خولی تۆپی پێ لە جیهاندا دەستی پێکرد

یاریگا –
گەورەترین دوورگەی جیهان خاوەنی کورتترین خولە کە جیهانی تۆپی پێ تا ئێستا بەخۆیەوە بینیویەتی.
کورتترین پاڵەوانێتی خولی تۆپی پێی جیهان لە نووک، پایتەختی گرینلاند دەستیپێکرد. ئەم خولە کە لە گەورەترین دوورگەی جیهان بەڕێوەدەچێت، هەشت تیپ تێیدا بەشدارە و شەڕی نازناوەکە دەکەن.
پاڵەوانێتییەکە بەشێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچێت و تەنیا لە پێنج یاریدا نازناوەکە یەکلایی دەکرێتەوە. پێشبڕکێکە بە هەشت تیپ لە دوو گروپی چوار تیمیدا رێکدەخرێت. هەر تیپێک لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا سێ یاری بەرامبەر یانەکانی دیکەی گروپەکەی دەکات. دوو تیپی پێشەنگی هەر کۆمەڵەیەک سەردەکەون بۆ قۆناخی پێش کۆتایی (یەک یاری)، براوەکانی ئەم قۆناخە لە یاری کۆتاییدا رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
هاندەرێکی ئەم خولە دەڵێت:
لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هەموو خەڵکانی نووک لە یاریگا کۆدەبنەوە، هەمووان پشتگیری لە تیپی دڵخوازی خۆیان دەکەن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر هەموومان لەبەر خۆشەویستی بۆ تۆپی پێ رێزی یەک دەگرین”.
هەرچەندە یەکێتی تۆپی پێی گرینلاند تێچووی شوێنی نیشتەجێبوونی هەموو یاریزانەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یاریزانانی هەشت تیپە بەشداربووەکە خەرجی سەفەر بۆ شاری میواندار لە ئەستووی خۆیانە.
لەکاتێکدا تیپەکانی خولەکانی دیکە خۆیان بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە دەکەن، بەڵام ئەم خولە لە یەک هەفتەدا کۆتایی دێت. رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە بۆ یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان تەرخانکراوە. هەینی رۆژی پشووە، قۆناخی پێش کۆتایی رۆژی شەممەیە و یەکشەممە یاری کۆتایی بەڕێوە دەچێت.