
یاریگا –
هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا رۆڵی سەرەکی لە هەڵبژاردنی کاپتنەکانی تیپەکەی دەبێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ یانەکە دەهێڵێتەوە.
وەرزی رابردوو بارسێلۆنا بۆ یەکەمجار پێنج کاپتنی هەبوو کە بریتی بوون لە تێر شتیگن و ئاراوخۆ و دی یۆنگ و رافینیا و پێدری. جێگای سەرنجە هیچ کام لەو یاریزانانە بەرهەمی لاماسیا نەبوون، ئەمەش شتێکە کە دەکرێت وەرزی داهاتوو بگۆڕێت.
کاپتنەکان لەلایەن یاریزانەکان و فلیکەوە هەڵدەبژێردرێن. کاپتنەکان نوێنەرایەتی تیپەکە دەکەن لەبەردەم هاوڕێکانیان و ئیدارەی وەرزشی و یانەکە و یاریزانانی بەرامبەر و ناوبژیوانان و بەرپرسیارن لە ئەرکەکانی وەک رێگری کردن لە کێشەکان یان پاداشتی بەکۆمەڵ ئەگەر نازناوەکان بەدەستبهێنن.
پێگەی مارک ئەندرێ تێر شتیگن وە کاپتنی یەکەم گومانی لەسەرە، بەهۆی پێکانەوە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و بۆماوەی چوار مانگ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە و تەنانەت لەگەڵ تیپەکەی گەشتی ئاسیای نەکردووە.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کاپتنەکان پێش دەستپێکردنی لالیگا دەبێت (وەرزی رابردوو لە ٢٣ی ئاب راگەیەندرا). ئێریک گارسیا دوای یارییەکەی بەرامبەر ڤیسێل کۆبی پشتڕاستیکردەوە کە فلیک مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەکات و پێدەچێت دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی تیپەکە دوای گەڕانەوەیان بۆ بارسێلۆنا بکرێت.