تەواو؛ هەڵوێستی ریال مەدرید لەبارەی رۆدریگۆ ئاشکرا دەبێت
ئاتلێتیک زانیاری نوێ بڵاودەکاتەوە

یاریگا –
خەریکە ئاماژەکانی چوونە دەرەوەی رۆدریگۆ لە ریال مەدرید دەردەکەون.
ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، چابی ئاڵۆنسۆ هیچ کێشەی لە دەستبەرداربوون لە تواناکانی رۆدریگۆ نییە و چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازە، تاوەکو دوا بڕیار لەسەر داهاتووی بدرێت.
ئارسیناڵ گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی رۆدریگۆ کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە. کەتیبەکەی میکێل ئارتێتا ئامادەکاری بۆ فرۆشتنی گابریێل مارتینێلی یان لیاندرۆ ترۆسارد دەکات، بۆیە رۆدریگۆ بژاردەیەکی کراوەیە لە قەڵای ئیماڕات.
پاریس سانجێرمان رەتیکردەوە گرنگی بە رۆدریگۆ دابێت و هیچ جیددی بوونێک لەلایەن لیڤەرپوول بەرامبەر یاریزانەکە نییە. سەرنجی تەواوی ئێستای لیڤەرپوول لەسەر گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتدە.
لە میدیاکانی ئیسپانیا باس لە گرنگیپێدانی لەلایەن تۆتنهام دەکرێت، بەڵام یاریزانەکە هیچ پلانی یارییکردنی بۆ یانە لەندەنییەکە نییە.
رۆدریگۆ لە هاوینی 2019 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە سانتۆسەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 90 ملیۆن یۆرۆیە.
بەدرێسی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 270 یاریی کردووە، 68 گۆڵی کردووە و 51 گۆڵی دروستکردووە.