ناپۆلی چاودێری دوو یاریزانی پرێمەرلیگ دەکات
سکای ئیتاڵیا زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
تاوەکو ئێستا ناپۆلی دەرگای گواستنەوەکانی مێرکاتۆی هاوینەی دانەخستووە و چاودێری چەند یاریزانێک دەکات.
سکای ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، ناپۆلی چاوی لەسەر رەحیم ستێرلینگ، یاریزانی چێڵسی و جاک گریلیش، یاریزانی مانچێستەر سیتی داناوە.
هەرچەندە سەرنجی ئێستای ناپۆلی لەسەر گواستنەوەی دان ئێندۆیێ، یاریزانی بۆڵۆنیایە و لەگەڵ نۆتینگهام فۆڕێست رکابەری لەسەر واژۆی یاریزانەکە دەکات.
چارەنووسی گریلیش و ستێرلینگ لەگەڵ یانەکانیان روون نییە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە مانگی داهاتوودا یانەکانیان جێدەهێڵن.
لە وەرزی رابردوودا ستێرلینگ بە خواستن یاریی بۆ ئارسیناڵ کرد، هەروەها لە دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەشی، ناوی لە لیستی یاریزانانی چێڵسی بۆ مۆندیالی یانەکان نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە، ناوی گریلیش لە لیستی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی مان سیتیدا نییە، ئەمەش گومانی مانەوەی لە قەڵای ئیتیحاد زیادکردووە.