
یاریگا –
براین زاراگۆزا، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و بایرن میونشن جێدەهێڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گۆڤاری کیکەر، برایان زاراگۆزای تەمەن 23 ساڵ و یاریزانی بایرن میونشن لە لێواری گەرانەوەی بۆ ئیسپانیایە، ئەگەری هەیە هەر لەم کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە فەرمی پرۆسەی گواستنەوەکەی تەواو بکرێت.
رۆژنامەی بیڵدیش لە راپۆرتێکی تایبەتدا نوسیویەتی، سێلتاڤیگۆ لە پێشەنگی کێبڕکێی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە لاوە دایە. بژاردەی ئێستا گواستنەوەی بە شێوەی خواستنە لەگەڵ بڕگەی کڕینی هەمیشەیی. هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، یانەکانی دیکەی ئیسپانیا وەک ریال بێتیس و یانەکانی خولە جیاوازەکانی ئەوروپا، لە چەند رۆژی رابردوودا ئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی زاراگۆزا نیشانداوە.
هەرچەندە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، بەڵام ئەگەر تا کۆتایی ئەم هەفتەیە گرێبەستەکە واژۆ نەکرێت، ئەوا زاراگۆزا دەبێت لە سەرەتای مەشقەکانی پێش وەرزدا بگەڕێتەوە بایرن.
لەم دواییانەدا ئۆفەرێکی فەنەرباچێی رەتکردەوە. یانە ئیستانبوڵیەکە بە سەرکردایەتی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری بەناوبانگی پۆرتوگالی، ئارەزووی گواستنەوەی هەبوو، بەڵام پێدەچێت ئەو یاریزانە باڵە ئیسپانییە ئامادە نەبێت پەیوەندی بە خولی تورکیاوە، بەو پێیەی ئامانجی وەرزشی جیاوازی هەیە و بڕیاری روونی زاراگۆزا گەڕانەوەیە بۆ ئیسپانیای زێدی خۆی کە وەرزی رابردوو بە خواستن لە ئۆساسۆنا یاریی کردووە.