بەدواداچوون؛ ریال مەدرید چارەنووسی پێنج یاریزان یەکلاییدەکاتەوە
لە سەرەتای مانگی داهاتوودا پڕۆسەی نوێکردنەوەی مەدرید دەستپێدەکات

یاریگا –
ریال مەدرید ئامادەکاری بۆ چەند بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە دەکات.
لە هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو، پشووی هاوینەی یاریزانان تەواو دەبێت و ریال مەدرید ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات.
یانە شاهانەکە چەند گرێبەستێکی کردووە و خەریکی هەڵسەنگاندنی جیدییە بۆ چەند یاریزانێکی دیکە، تاوەکو مێرکاتۆی هاوینە بەتەواوی دابخات و رکابەرییەکانی وەرزی نوێ دەستپێبکات.
ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ لە 4ی ئۆگەست/ئاب لە ڤالدێبێباس دەستپێدەکەن و چابی ئاڵۆنسۆ لەدوای مۆندیالی یانەکان، لەگەڵ یاریزانان کۆدەبێتەوە و چارەنووسی بەشێکیان یەکلاییدەکاتەوە. ئاڵۆنسۆ دەزانێت مێرکاتۆی هاوینە کاتژمێر 11:59ی 1ی سێپتێمبەر/ئەیلوول دادەخرێت، بۆیە پەلە لە بڕیارەکان دەکات.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر دۆخی پێنج یاریزانی مەدرید بڵاوکردووەتەوە، کە گومان لەسەر بەردەوام بوونیان لە یانەکە هەیە.

دەیڤد ئالابا
بەرگریکارە نەمساییەکە نایەوێت ریال مەدرید جێبهێڵێت، هەرچەندە ئێستا مەدرید خاوەنی چوار بەرگریکارە (هاوسن، میلیتاو، رودیگەر و ئاسێنسیۆ).
ئاڵۆنسۆ بڕیاریداوە خوان مارتینێز بباتە تیمی یەکەم، ئەمەش ئەگەرەکانی بەشداریکردنی ئالابا زۆر کەمدەکاتەوە. ئالابا خاوەن دووەم بەرزترین مووچەیە لە ریال مەدرید و ساڵانە بڕی 22.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و هێشتا ساڵێک بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ریال مەدرید ئامادەیە نیوەی شایستەکانی دارایی ئالابا بدات و لەم هاوینەدا یانەیەکی دیکە بدۆزێتەوە، بەڵام یاریزانەکە تەواوی شایستەکانی دارایی دەوێت و بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە گفتوگۆ لەبارەی لایەنی دارایی بکات.
ریال مەدرید نایەوێت بەرپرسیارێتی دارایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لە ئەستۆ بگرێت، بۆیە تەنیا دوو بژاردە هەن؛ لە مەدرید بەردەوام بێت، یاخود یانەیەک گرێبەستی لەگەڵدا بکات و مەدرید دەیەوێت یاریزانەکە بەڕێبکات.

فێرلاند مێندی
بە گواستنەوەی کارێراس، ریال مەدرید ناچارکراوە دەستبەرداری مێندی یاخود فران گارسیا ببێت و بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، مێندی پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ جێهێشتنی مەدرید.
ئاڵۆنسۆ بە دەستەی کارگێڕی راگەیاندووە، نایەوێت دەستبەرداری گارسیا ببێت، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە مۆندیالی یانەکان.
هێشتا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی مێندی ماوە و بەبازاڕکردنی ئاسان نییە، چونکە تەمەنی لە سەرووی 30 ساڵە ئەستەمە لە ئەوروپا یانەیەکی گەورەی بۆ بدۆزێتەوە.
دۆخی مێندی ئاڵۆزە، بەڵام ریال مەدرید ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت و کێشەی لە رێخۆشکردن بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی نییە.

دانی سێبایۆس
ئەستێرە ئیسپانییەکە لە ماوەی رابردوودا تەواوی دەرگاکانی بەکراوەیی جێهێشت و رایگەیاند ”بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەم”. ئەم قسانە هیوای بۆ چەندین یانە دروستکردووە، سێڤییا هەوڵی فەرمی بۆ گواستنەوەی داوە، بەڵام هێشتا بێوەڵامە.
بە چوونە دەرەوەی سێبایۆس، بژاردەی ئاڵۆنسۆ لە هێڵی ناوەڕاست بۆ ئۆرێلیەن چوامینی، فێدێریکۆ ڤالڤێردی، ئاردا گولەر و ئێدواردۆ کاماڤینگا کەمدەبێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، جود بێڵینگهام بەلانی کەمەوە بەشداری لە بەشێکی زۆری یارییەکانی ئەم وەرزە بەهۆی نەشتەرگەرییەوە ناکات.
ئەگەر هیچ یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست نەگوزنەوە، ئەوا سێبایۆس دەمێنێتەوە، هەرچەندە یاریزانە ئیسپانییەکە خۆی بە گوریسێک بەستووە کە دیارنییە لە کۆتاییدا دەپچڕێت یاخود نا.

رۆدریگۆ
ئەستێرە بەڕازیلییەکە وا پیشانیداوە کە نایەوێت ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵام لە بنەڕەتدا چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازە لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ.
رۆدریگۆ دەیەوێت بزانێت رۆڵی لە وەرزی نوێ چیدەبێت، چونکە بەدرێژایی مۆندیالی یانەکان، بەشداری لە 95 خوولەکدا کردووە، ئەستێرە بەڕازیلییەکە داوای زیاتر دەکات.
گواستنەوەی ماستانتونۆ لەوانەیە کاریگەری لەسەر رێژەی بەشداریی دروستبکات، بەگوێرەی ئاماژەکان، بەشداریکردنی بەردەوامی رۆدریگۆ زۆر ئەستەمە، بۆیە پێشبینی چوونە دەرەوەی لە بێرنابیۆ دەکرێت.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ریال مەدرید ئامادەنییە بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری رۆدریگۆ ببێت، ئەمەش هاوکێشەکە ئاڵۆز دەکات.
لیڤەرپوول بەپەرۆش نییە، ئارسیناڵ لە گرنگیپێدانی بە رۆدریگۆ کشاوەتەوە و ئەستێرە بەڕازیلییەکە بژاردەی یەکەمی بایرن میونشن نییە.
ریال مەدرید لەوانەیە لە کۆتاییدا ئامادەبێت بە 90 ملیۆن یۆرۆش رێگە بەچوونە دەرەوەی رۆدریگۆ بدات، چونکە مەدرید بەرگەی پێدانی مووچە و بەشداری نەکردنی یاریزانان ناکات و دەیەوێت هاوسەنگی دارایی هەبێت.

ئێندریک
ئەستێرە بەڕازیلییەکە نایەوێت ریال مەدرید جێبهێڵێت، بەڵام ئەگەر گۆنزالۆ گارسیا بڕیاری مانەوە بدات و ئامانجی یاریزانەکە مانەوەیە، بۆیە مشتومڕ لەسەر چارەنووسی ئێندریک دروستدەبێت.
ستافی راهێنەرایەتی ریال مەدرید پێی وایە، شێوازی یارییکردنی ئێندریک و گۆنزالۆ هاوشێوە نییە، بۆیە دەکرێت بەگوێرەی پێویست سوود لە توانای هەردووکیان وەربگیرێت، بەڵام هێڵی پێشەوەی ریال مەدرید چەندین ئەستێرەی دیکەی تێدایە و بەشداریکردنی ئەم دوو یاریزانە سنووردار دەبێت.
ریال مەدرید ئامادەنییە بە تەواوی دەستبەرداری ئێندریک ببێت، بەڵکو ئامادەیە بەخواستن رێگە بە چوونە دەرەوەی بدات، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت لە مەدرید بمێنێتەوە و خۆی بۆ مۆندیالی ساڵی داهاتوو ئامادەبکات و بسەلمێنێت.
چوونە دەرەوەی لە ریال مەدرید بژاردە نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە.