ریال مەدرید و لیڤەرپوول خۆیان بۆ یەکتر لە بۆسە ناوە
رۆژنامەی مارکا باسی دوایین هەوڵەکانی هەردوو یانەکە دەکات

یاریگا –
پێدەچێت پەیوەندی بازرگانی و ئاڵوگۆڕکردنەوە لە نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول لە مێرکاتۆی یاریزانانی ئەم هاوینە بەردەوام بێت.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول و ریال مەدرید هیچ هەنگاوی فەرمییان بۆ ئاڵوگۆڕکردن یاخود گواستنەوەی ئیبراهیما کۆناتێ و رۆدریگۆ نەناوە، بەڵام ناوی هەردوو یاریزانەکە لەسەر مێزی گفتوگۆکردنی ناوخۆییە نێو هەردوو یانەکەیە.
دەنگۆکانی گواستنەوەی لویس دیاز بۆ بایرن میونشن زۆربوون، بەتایبەت دوای بەشداری نەکردنی لە دوا یاریی دۆستانەی دوێنێ شەممە بەرامبەر ئەیسی میلان لە هۆنگ کۆنگ، رۆدریگۆش یەکێکە لە بژاردەکانی شوێنگرتنەوەی یاریزانەکە لە ئانفیڵد.
لیڤەرپوول زۆرترین پارەی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەیە خەرجکردووە و یاریزانانی وەکو فلۆریان ڤیرتز، جێرێمی فریمپۆنگ، هوگۆ ئێکیتیکێ، میلۆس کێرکێز و ئارمین پێسکی گواستووەتەوە.
رۆدریگۆ تاوەکو ئێستا چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسییەتی لە ریال مەدرید، چونکە ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەیەوێت رۆڵێکی سەرەکی لە ریال مەدریدی نوێ بگێڕێت.
چەند رۆژێک بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی ریال مەدرید ماوە، بڕیارە لەگەڵ گەڕانەوەیان گفتوگۆکانی نێوان رۆدریگۆ و ستافی راهێنەرایەتی و دەستەی کارگێڕی دەستپێبکەن، ئینجا دوا بڕیار لەبارەی چارەنووسی رۆدریگۆ لە بێرنابیۆ دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، ریال مەدرید بە وردی چاودێری کۆناتێ، بەرگریکاری فەڕەنسی دەکات، کە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە.
ریال مەدرید ئامادەیە تاوەکو هاوینی داهاتوو چاوەڕێ بکات و هاوشێوەی پڕۆسەی گواستنەوەی ئالێکساندەر ئارنۆڵد، کۆناتێش بەخۆڕایی بگوازێتەوە.
لیڤەرپوول هەوڵی جیدی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆناتێ دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و هەردوو یانەکەش دەرگای گواستنەوەکانی ئەم هاوینەیان دانەخستووە.
ریال مەدرید لە دوو مانگی رابردوودا، گرێبەستی لەگەڵ ئارنۆڵد، دین هاوسن، ئالڤارۆ کارێراس، فڕانکۆ ماستانتونۆ بەبڕی 178 ملیۆن یۆرۆ واژۆکردووە.