
یاریگا –
ئیسکۆ، ئەستێرەی ئیسپانی ستایشی زینەدین زیندان، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید دەکات و بە باشترین راهێنەر وەسفی دەکات.
ئیسکۆ لە چاوپێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ رۆژنامەی لێکیپی فەڕەنسی باسی باشترین ساتی کاروانی وەرزشی دەکات و زینەدین زیندانی فەڕەنسی بە هۆکاری سەرەکی دراوەشانەوەی دادەنێت.
زیدان تاکە راهێنەر بوو لە ریال مەدرید لە شوێنی یاریکردنی راستەقینەی خۆم متمانەی تەواوی پێم هەبوو.
تەنیا لەبەر من شێوازی یاریکردنی تیپەکەی گۆڕی و منی وەک ناوەڕاستکاری هێرشبەر لە پشتەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کەریم بێنزێما یاریی پێدەکرد، بەتەواوی ئازاد بووم و سودم لەو بۆشاییانە وەدەگرت کە لە باڵەکان دروست دەبوون، یەکەم وەرزم لەگەڵ زیدان باشترین وەرزی کاروانی وەرزشیم بوو.
رۆیشتنم لە ریال مەدرید؟ بە دۆخێکی دەروونی خراپدا تێدەپەڕێم و نەمدەزانی چۆن لەو دۆخە دەربچم، تەنیا خۆم هۆکاری دابەزینی ئاستم و جێهێشتنی ریال مەدریدم، کەسی دیکە لەوە بەرپرس نییە.
ئیسکۆ لە هاوینی 2013 بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ لە مالاگاوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، لە هاوینی 2022 بە خۆڕایی چووە سێڤییای ئیسپانی.
بە درێسی ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشداریی 353 یاریی کرد، 53 گۆڵی کرد و 58 گۆڵی دروستکرد.
پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگ، سێ نازناوی لالیگا، چوار جامی جیهانی یانەکان، سێ سوپەری ئەوروپا، یەک جامی شا و سێ جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
ئیسکۆ لەگەڵ سێڤییا سەرکەوتوو نەبوو، دوای شەش مانگ گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە، لە هاوینی 2023 پەیوەندی بە ریال بێتیس کرد و لە رێگەی نێتیس جارێکی دیکە دەرگای بەخت بەڕوویدا کرایەوە و ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش کردەوە.
لەگەڵ ریال بێتیس لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 69 یاریی 21 گۆڵی کردووە و 18 گۆڵی دروستکردووە.