عێراقکوردستانگرنگترین

شێرکۆ کەریم بە گریانەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر کرد

گوتی :بەلامەوە سەیرە قوفڵ لە دەرگای بارەگای یانەی پایتەخت دراوە

Yariga App

یاریگا –

شێرکۆ کەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە گریانەوە ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر کرد و گوتی ‘بەلامەوە سەیرە قوفڵ لە دەرگای بارەگای یانەی پایتەخت دراوە’.

شێرکۆ کەریم دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماڵئاوایی لە هاندەرانی هەولێر کرد و گوتی :’زۆر سوپاسی یانەی زاخۆ دەکەم و پەنا بەخوا بتوانم خزمەتی یانەکە بکەم و وەرزی داهاتوو ئەنجام و دەستکەوتی باش بەدەست بهێنم کە یانەکە بەشداریی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویش دەکات’.

هەروەها گوتیشی :’پێشتر گوتبووم ئەگەر کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر نەکرێت، ئەوا لە یانەکە دەڕۆم و دەچمە زاخۆ، ئێستاش لەبەر هاندەرانی یانەکە چوومە زاخۆ، دوو بۆ سێ ئۆفەری دیکەم هەبوو، بەڵام زاخۆم هەڵژارد، گرنگیش بەوە نادەم درێسی ژمارە 7 یان 11 یان هەر ژمارەیەکی دیکە لە زاخۆ بپۆشم’.

هەروەها لەبارەی زاخۆ گوتیشی :’زاخۆ یانەیەکی پرۆفیشناڵە و خاوەنی دەستەیکی کارگێڕی پیشەگەرە و یاریزانی باشیان هەیە، ئامانجمە لە وەرزی داهاتوو لە خولە نێوخۆییەکان و خولی کەنداو ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، هیوادارم بتوانم خزمەتی هاندەرانی زاخۆ بکەم’.

لەبارەی یانەی هەولێریش گوتی :’من هەرگیز ناتوانم ئەو چاکەیەی هاندەرانی یانەی هەولێر بدەمەوە، هیوادارم کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکرێت، ئێمە و یاریزانان و هاندەرانی هەولێر لە سەرەتای وەرز تاوەکو کۆتایی وەرز هەمیشە لەناو کێشەدابووین، بۆیە زۆربەی یاریزانەکان بەرگەی دۆخەکەیان نەگرت و لە یانەکە رۆیشتن، هەموو هەوڵێکم دا مستەفا قابیل لە کێشەکان بەدوور بخەمەوە و یارمەتی بدەم ببێتە ئەستێرەیەکی گەورە، بەڵام چەندان کەس بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکەن و وازی لێناهێنن’.

چۆن کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر دەکرێن؟

شێرکۆ کەریم لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخی یانەی هەولێر گوتی :’داوا لە حکومەت و جەنابی سەرۆک دەکەم بێنە سەر خەت و چارەسەرێک بۆ دۆخی یانەی هەولێر بدۆزنەوە، پێویستە بەرپرسەکان لە یانەی هەولێر دووربکەونەوە و ئەو دەستانە دووربخرێنەوە کە رۆڵێکی خراپیان هەیە، داوا لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم یانەی هەولێر لەم دۆخە رزگار بکات، چونکە تەنیا سەرۆکوەزیران دەتوانێت کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکات’.

هەروەها لەبارەی کێشەکانی یانەی هەولێر گوتیشی :’کەس بە هانای یانەی هەولێرەوە نەدەهات، پێم سەیرە قوفڵ لە دەرگای بارەگای یانەی هەولێر دراوە کە یانەی پایتەختە، داوا لە حکومەت و جەنابی سەرۆک دەکەم کێشەکانی یانەی هەولێر چارەسەر بکەن، بەهیچ شێوەیەک لەناو یانەی هەولێر هەست بە دڵنیایی ناکەی، من ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی هەولێر ناکەم، چونکە ئەم یانەیە بە یانەی خۆم دەزانم و ئامادەم هەرکاتێک یانەی هەولێر پێویستی بە من بێت، بگەڕێمەوە ریزەکانی یانەکە’.

شێرکۆ کەریم بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ زاخۆ واژۆ کردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ لە زاخۆ بە ئامادەبوونی هاندەران وەکو یاریزانی نوێی زاخۆ دەناسێنرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button