دوایین پەرەسەندن؛ چەند یاریزان ریال مەدرید جێدەهێڵن و کێ دەگوازێتەوە؟
رۆژنامەی موندۆ دوایین زانیارییەکان ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ریال مەدرید دەرگای گواستنەوەی یاریزانانی دانەخستووە، لەوانەیە دەستبەرداری دوو یاریزانیش ببێت.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بەدوای یاریسازێک دەگەڕێت، بەڵام پڕۆسەکە ئاڵۆزە و بە ئاسانی تەواو نابێت.
تاوەکو ئێستا باس لە چوونە دەرەوەی چەندین یاریزانی وەکو رۆدریگۆ، دانی سێبایۆس، فران گارسیا، ئاندری لونین، براهیم دیاز، بێنیامین مێندی، دەیڤد ئالابا، ئێندریک و ڤینیسیۆس جونیۆر دەکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە نیوەی ئەم یاریزانانەش یانەکە جێناهێڵن، بەڵام بژاردەن.
بەرپرسانی باڵای یانەکە لە دوا کۆبوونەوە، بە وردی باسییان لە گواستنەوەی یاریسازێک کردووە، بەڵام هیچ پەلە ناکەن و ناوی هیچ یاریزانێکیشییان یەکلایینەکردووەتەوە.
رۆدریگۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی لەلایەن ئارسیناڵ، لیڤەرپوول و تۆتنهام داواکراوە، رۆژنامەکە دەڵێت؛
تاوەکو ئێستا هیچ ئۆفەرێک پێشکەشی رۆدریگۆ نەکراوە، تەنانەت یاریزانەکەش نیازی جێهێشتنی ریال مەدریدی نییە. رۆدریگۆ دەیەوێت لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاریی بکات.
ئەوەی لە ریال مەدرید یەکلاییبووەتەوە، ئەگەر یاریزانێک بگوازێتەوە، ئەوا دەستبەرداری یاریزانێکی خۆی دەبێت.
لە ریال مەدرید پێیان وایە هێشتا زۆر بۆ بازاڕی گواستنەوەکان ماوە و هیچ شتێک بەدوور نازانن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، لە ریال مەدرید زیاتر پێشبینی چوونە دەرەوەی یاریزان دەکەن، نەوەک گواستنەوەی یاریزانی نوێ.