یانەی زاخۆ گەورەترین گرێبەستی مێرکاتۆی هاوینەی راگەیاند
کاپتنی هەولێر ریزەکانی قەڵا و منارە جێدەهێڵێت

یاریگا –
یانەی زاخۆ واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەی هەولێر راگەیاند.
تۆڕی وەرزشی یاریگا بڵاویکردبووەوە، لە ماوەی رابردوودا گفتوگۆکانی نێوان شێرکۆ کەریم، کاپتنی هەولێر و نوێنەرانی زاخۆ چڕببوونەوە و لێکتێگەیشتنی ‘زۆر باش’ لە نێوان هەردوولادا دروستبوو. کەمێک پێش ئێستاش گرێبەستەکەی واژۆکردووە.
یانەی زاخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هەواڵەکەی یاریگای پشتڕاستکردەوە و رایگەیاندووە، شێرکۆ کەریم بۆ وەرزی 2025-26 یاریی بۆ یانەی زاخۆ دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان شێرکۆ و نوێنەرانی زاخۆ بە یاریگای راگەیاند، رێککەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەردوولادا کراوە؛
شێرکۆ کەریم ئێستا یاریزانی زاخۆیە، گفتوگۆکانی نێوانیان ‘زۆر’ ئەرێنی بوون. کاپتنەکەی هەولێر دەبێتە دیاری مێرکاتۆی هاوینەی دەستەی کارگێڕی زاخۆ بۆ جەماوەری یانەکەی پرا دەلال.
بڕیارە سبەی شێڕکۆ کەریم بچێتە زاخۆ و تەواوی وردەکارییەکان تەواو بکات.
لە هاوینی رابردوودا، یانەی زاخۆ هەوڵی زۆری بۆ گواستنەوەی شێرکۆدا، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری مانەوەی لە ریزەکانی هەولێردا و گرێبەستەکەی بۆ وەرزێک نوێکردەوە.
شێرکۆ کەریم (28 ساڵان) سەرەتای ساڵی 2023 لە کوەیتی کوەیتییەوە گەڕایەوە ریزەکانی یانەی هەولێر، لەکاتێکدا سەرەتای ساڵی 2020 پەیوەندی بەو یانەیەوە کردبوو، بەڵام دواتر ریزەکانی یانەکەی بەرەو کوەیت بەجێهێشتبوو.
شێرکۆ بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی 16 یاری و گۆڵێکی نێودەوڵەتییە، بەڵام لەدوای جامی کەنداوی بەسڕەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق نەکراوەتەوە.